ئەمڕۆ، بەمەبەستی چارەسەرکردنی دیاردەی (سواڵ) دەروەزەکردن لایەنە پەیوەندیدارەکان لە قائیمقامیەتی سلێمانی کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هۆکار و چارەسەرییەکان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەمرۆ لە دیوانی قائیمقامیەت بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و بەشداری نوێنەری دادگای سلێمانی و ئاسایش و پۆلیس و فەرمانگەو هێزە ئەمنییەکانی تر و رێکخراوەکانی پاراستنی منداڵ ئەنجامدرا".
لەو میانەدا قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد:" سەرەڕای هەوڵە هەمەلایەنە بەردەوامەکان، حاڵەتەکانی سواڵکردن لە سلێمانی زیادیکردووە، تەواوی سواڵکەرەکانیش بەتایبەت منداڵەکان خەڵکانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانین و لە ناوچەکانی تر و وڵاتانی دراوسێمانەوە هاتوون، بۆیە مەبەستمانە بەتەواوەتی حاڵەتەکان کەمبکەینەوەو هەر کەسێکیش هاوکاری ئەو کەسانە بێت رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە:" قائیمقامی سلێمانی وتوویەتی کە هەر ئوتێلێک رێگە بەمانەوەی ئەو کەسانە بدات دادەخرێت و لە کاتی دووبارەبوونەوەی مۆڵەتەکەی وەردەگیرێتەوە، دەبێت موختاری گەڕەکەکانیش هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن".
باس لەوەشكراوە:" بڕیاریش درا لە رێگەی مزگەوتەکانەوە مامۆستایانی ئاینی هاوڵاتییان هۆشیار بکەنەوە بۆئەوەی هاوکاری ئەو دەروەزەکەرانە نەکەن، داواش کرا کەناڵەکانی راگەیاندن هەڵمەتی رووبەرووبوونەوەی دیاردەی دەروەزەکردنی منداڵان و ژنان ئەنجامبدەن".