وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەستگیرکردنی ١٠ ئەندامی سەر بە رێکخراوی
داعشی راگەیاند، کە بەنیازبوون لەکاتی بەڕێوەچوونی عاشورادا کردەوەی تیرۆرستی
ئەنجامبدەن.
ماڵپەری ئیرنای ئێرانی رایگەیاند:" وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ١٠
ئەندامی سەر بە رێکخراوی تیرۆرستی داعشی لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەستگیرکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" وەزارەتی ناوبراو پاش چاودێریکردن و
لێکۆڵینەوەی ورد توانیویەتی ئەو ئەندامانەی داعش لەسەر سنوورەکانی عێراق و تورکیا
دەستگیربکات، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا بەشێک لە تیرۆرستەکان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە و
بەوهۆیەشەوە دوو تیرۆرست بریندار بوون".
هاوکات ئاژانسی میزانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەوەیخستووەتەڕوو:"
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، پلانیان داناوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی موحەڕەمدا و لەکاتی
بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی عاشورادا چەندین کردەوەی خۆکوژی و تیرۆرستی
ئەنجامبدەن".