وا بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان تایبەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر بابەتێکی گشتگیردەکرێت.
لەو بارەیەوە، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمان بە BMC راگەیاند:" دانیشتنەکە لە کاژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆدا دەستپێدەکات و تایبەت دەبێت بە دەستووری هەرێم".
وتیشی:" لە رابردوودا کاری زۆر لەسەر دەستوور کراوە، لە ساڵی ٢٠١٥ و لە خولی پێشووتردا لیژنەی تایبەتمەند پێکهێندرا و ٧٣ ماددە نوسرانەوە بەڵام دواتر ئاستەنگ بۆ پڕۆسەکە درووستبوو".
لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی تایبەت بە دەستوور، زیاد جەبار وتی:" لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگە و بۆشاییەکی دەستووری هەیە کە پێویستی بە پڕکردنەوەیە، یەکێتیش هەموو کار ئاسانییەک دەکات بە بەڕێکردنی کارەکانی و دیاریکردنی میکانیزمەکەی".
باسی لەوەشکرد:" ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر دوو بابەتی سەرەکی دەکرێت، ئایا بەپێی یاساکەی پێشوو لیژنەکە کارابکرێتەوە یان یاسایەکی نوێی بە گۆڕانکارییەوە بۆ دەربکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتی:" پێویستە لەسەر هەموو لایەنەکان لەسەر پرسی دەستوور بسازێن، چونکە رەهەندێکی نیشتیمانی هەیە و پێویستی بە هەمووانە".