سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لە ژێر فشاری هیچ لایەنێکدا کارەکانمان ئەنجام نادەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی کارەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە پێی پلان و بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٢ کارەکانی جێبەجێ دەکات و دڵسۆزانە تیمەکانى بەشە جیاوازەکانمان بە شەو و ڕۆژ لە ئەرکدان بە مەبەستی خزمەتکردنی شاری سلێمانی خۆشەویست بە بێ جیاوازی، بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت سەرۆکایەتیمان لە ژێر فشاری هیچ لایەنێکدا کارەکانی ئەنجام نادات".
ئەوەش هاتووە:" بەم دواییانە کۆمەڵە کەس و لایەنێک دروست بوون پێشوەختە زانیاری دەربارەی پلانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان وەردەگرن و پاشان دەیکەن بە دەستکەوتی خۆیان لە سایت و پەیجە کۆمەڵایەتییەکان دا کە ئەوەش یەکناگرێتەوە لەگەڵ بەها پیشەیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەوانییەکان".
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت:" ئەمە سەرباری ئەو ڕاستییەی بە شێوەیەکی باش کارمان لەسەر کۆمێنت و نامەو داواکاری هاوڵاتیان کردووە بۆیە ئەو کارە دەچێتە قاڵبی مزایدەو خۆکردن بە خاوەنی پڕۆژەیەک کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و کاری لەسەر کراوە".