راپۆرتێکی ئەمەریکی: لەم ئەگەرەدا داعش دووبارە سەرهەڵدەداتەوە

جیهان 26/11/2022

Alternate Text

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی، لە راپۆرتێکەدا ئەو ئەگەرە دەخاتە بەردید کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، ئەو زیندانیانەی داعش کە لای کوردەکان دەستبەسەرن، ئازاد دەبن و دەبنەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

رۆژنامەی واشنگتۆن ئێگزامینەر، لە راپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی فۆکس نیوز دەڵێت:" ئەگەری هەیە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، ئەو چەکدارانەی داعش کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دەستبەسەرکراون، لە کۆنترۆڵ دەرچن و ئازاد بن بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە:" تورکیا بە بیانەی تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ کە هیچ بەڵگەیەکی نییە کوردە جوداخوازەکان ئەنجامیاندابێت، هێرشەکانی دەستپێکردووە، لە ئەنجامیشدا هاوڵاتییان دەکوژن و شوێنە پیشەسازییەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج".

هەروەها دەڵێت:" کوردەکان کە لەلایەن رۆژئاواوە پشتگیری دەکرێن، ١٠ هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆرستی داعشیان زیندانیکردووە کە هاوڵاتی ٥٠ وڵاتی جیهانن، ئەگەر تورکیا هێرشی زەمینەیی ئەنجامدا بۆسەریان، ئەگەری هەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات چیتر نەتوانن تیرۆرستەکان راگرن".

واشنتگتۆن ئێگزامینەر روونی دەکاتەوە:" ئەم سیناریۆیە پێشبینیکراوبوو بەهۆی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠١٩دا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایدا لە رۆژئاوای کوردستان، بەبێ ئەوەی پێشوەختە رێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشی ناوچەکە بکات لە پێداگرییان لەسەر پشتگیری کوردەکان".

لە کۆتاییشدا، رۆژنامەی واشنتگتۆن ئێگزامینەر باس لەوە دەکات:" بە دڵنیاییەوە ئێستا کێشەی تورکیا و هێرشەکانی لەبەردەم ترەمپ نییە، بەڵکو بوونەتە کێشەی جۆ بایدن، ئەمەی کە لە ئێستادا لە ململانێیەکی هەرێمی دەچێت دەکرێت ببێتە کێشەیەک کە دەرهاویشتەی گەورەی بۆ ئەمەریکا ببێت، بەهۆی هەڕەشەکانی داعش، کە وەک رێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدەی پێشخۆی، ئەمەریکای بە دوژمنی سەرەکی خۆی دادەنا، دوای کشانەوەکەی بایدنیش لە ئەفغانستان، هیچ دڵنیاییەک لە ئارادا نییە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی خەلافەتی داعش بدات".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا