هەندێک کەس بەهیوای بەدەستهێنانی لەشێکی رێک
و سەرنجڕاکێش ماوەیەکی زۆر دەچنە هۆڵەکانی لەشجوانی و یاری ئاسن دەکەن، بەڵام
ئەنجامێکی ئەوتۆیان دەستناکەوێت، هۆکارەکەشی چەند هەڵەیەکی باوە کە رەنگە رۆژانە
ئەنجامی بدەن.
بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیل"
هۆکارەکانی سوودوەرنەگرتن لە یاری لەشجوانی ئەمانەن:
-کەمخەوی:
کەمخەوی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی وەرزشوانان
سود لە وەرزشەکەیان نەبینن، بەتایبەت ئەوانەی بەهیوای بەدەستهێنانی ماسولکەی گەورە
ئەو وەرزشە دەکەن، لەبەر ئەوەی ماسولکەکان لەکاتی وەرزشکردندا تێکدەشکێن و لەکاتی
خەوتنیشدا خۆراک و ئۆکسجینیان بۆ دەچێت و خانەکانی نوێدەبنەوە، بۆیە کەسی وەرزشوان
دەبێت شەوانە ٧ تا ٩ کاتژمێر بخەوێت.
-وەرنەگرتنی پشوو
بۆ ماوەیەکی پێویست:
هەندێک کەس
پێیوایە چەند زیاتر وەرزش ئەنجامبدات سوودی زیاتری لێ دەبینێت، بەڵام ئەو بۆچوونە
هەڵەیە و ماسولکەکان پێویستییان بە پشوودان هەیە و دەبێت کەسی وەرزشوان لە
هەفتەیەکدا سێ تا پێنج رۆژ یاری بکات.
-پابەند نەبوون بە
سیستمی خواردنی تەندروست
کەسانی ورەزشوان
پێویستیان بە خواردنی تەندروستە بۆ ئەوەی گەشە بە ماسولکەکانیان بکەن، بە تایبەت
ئەو خواردنانەی پڕۆتین و کاربۆهەیدرات و چەورییە بەسودەکان.
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن
بە پرۆتین بریتین لە هێلکە، سینگی مریشک، گۆشتی سوور، ماسی، پاقلەمەنییەکان.
کاربۆهەیدرات لە
خۆراکەکانی وەک برنج، پەتاتە و مەگرۆنە هەیە.
هەندێک کەس پێیانوایە
چەوری زیان بە کەسانی وەرزشوان دەگەیەنێت، بەڵام ئەو بۆچوونە هەڵەیە، بەڵکو
پێویستیان بە چەورییە بەسوودەکان هەیە کە لە ناو ئەڤاگادۆ و زەیتی زەیتون و
چەرەسات هەیە.
-یاریکردن لەسەر
یەک ئاست
پێویستە وەرزشوان گۆڕانکاری لە شێواز و ئاستی یارییەکەی بکات، چونکە بە
یاریکردن لەسەر یەک ئاست بۆ ماوەیەکی زۆر وادەکات ماسولکە کەمتر گەشە بکات.