بافڵ جەلال تاڵەبانی : بۆ یەکێتی شانازییە پشتیوان و هاوکاری بەرەوپێشچوونی خوێندن بێت لە هەرێمی کوردستان

کوردستان 26/04/2023

لەلایەن: lawan

Alternate Text

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وێڕای ئەوەی نایەوێت دەستوەردان لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بکات، بەڵام شانازی دەکات کە پشتیوان و هاوکاربێت بۆ بەرەوپێشچوونی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی مافەکانی خوێندکاران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی نیسان، کە هاوکاتە لەگەڵ٤٧هەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی :

لە یادی ٤٧ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە خوێندکارانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مێژووی خەباتی درەوشاوەی کۆمەڵەی خوێندکاران لە شۆڕشی نوێ و تێکۆشانی بەردەوامی کۆمەڵەکە لە پێناو سەرفرازیی کوردستاندا، مایەی شانازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هەوڵەکانیشی لەپێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازادیخواز کە تێیدا خوێندکاران وەک هێز و وزەیەکی نوێ رابەرایەتیی کۆمەڵگە بکەن، جێگای ستایش و پێزانینمانە.
خوێندکاران و گەنجانی خۆشەویستی کوردستان؛
لەدوای سەرکەوتنە بەردەوامەکانی کۆمەڵەکە لە رابردوودا و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەو قۆناغە دژوارەی کوردستاندا، بەڵێنتان پێدەدەم ئەمساڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بە ستراتیژێکی نوێ و سەردەمیانەوە درێژە بە خەباتی مەدەنی و رێکخراوەیی خۆی دەدات و ئامانجەکەشی دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی حزبی و تایبەت، تەنیا لە خزمەت بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن و مافە رەواکانی خوێندکاراندا دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا بە خۆشحاڵییەوە دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانی کوردستان دەربارەی پرۆسەی خوێندن و خوێندنی باڵا لە هەرێم، مافەکانی خوێندکاران و هەوڵەکان بۆ هێنانەکایەی خوێندنێکی هاوچەرخ و تەندروست گفتوگۆ بکەین و کێشە و گرفتەکان دەستنیشان بکەین. هەر ئەوکات بەڵێنماندا هاوکار و پشتیوانیان بین و دەرئەنجامی بەڵێنەکانیشمان لە نۆژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان، دابینکردنی پێداویستییەکان و خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئێمە بووین بۆشایی کەمتەرخەمی حکومەتمان پڕکردەوە و ئەو ئەرکەمان لە ئەستۆ گرت. ئەرکێک کە بە شانازییەوە چووین و دەچینە ژێرباری و هەر شتێکیش کردوومانە و دەیکەین، لەپێناو گەنجان و لاوانی وڵاتەکەم بووە.
بۆ قۆناغی نوێی کارکردن و هەوڵەکانمان لەپێناو گۆڕانکاری ریشەیی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، ئامانجمان روونە و دەمانەوێت ئەم سێکتەرە گرنگە لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاستێکی باڵاتر و سەردەمیانەتر ئاڕاستە بکەین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت دەستوەردان لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بکات، بەڵام شانازی دەکات کە پشتیوان و هاوکاربێت بۆ بەرەوپێشچوونی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی مافەکانی خوێندکاران. بێگومان کە دەڵێین خوێندکاران مەبەستمان سەرجەم خوێندکارانی خۆشەویستی کوردستانە بە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە و لەبەرچاوگرتنی پاشخانی حزبی و سیاسی، بەشێک نییە لە ستراتیژی کارکردنمان.
بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستیی زانکۆکان و بونیادنانەوەی پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان مامۆستا و خوێندکار، کۆنفرانس و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییە جیهانییەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ خوێندکاران، ئامانجی داهاتووی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەبێت و بە پشتیوانیی گەنجە خۆشەویست و لێهاتووەکانی کوردستان، رۆحێکی نوێ بەبەر پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا دەکەین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا