ئەمەریکا و بەڕیتانیا کەشتییەکیان لەدەست "سوپای پاسداران" رزگارکرد

جیهان 05/06/2023

Alternate Text

دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکا و بەڕیتانیا بە هانای کەشتییەکی بازرگانییەوە چوون کە داوای هاوکاری بەپەلەی کردبوو.
هێزی دەریایی سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" کەشتییەکی بازرگانی کە لەژێر ئاڵای نێودەوڵەتیدا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزدا رێی دەکرد، داوای هاوکاری بەپەلەی کرد و باسیلەوەکرد، سێ بەلەمی خێرا کە سەرنشینەکانی چەکدارن لە کەشتییەکە نزیکبوونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دوابەدوای داوای هاوکارییەکە کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی و کەشتییەکی جەنگی بەڕیتانی بەدەم داواکەوە چوون و گەیشتنە شوێنی رووداوەکە".
باسیلەوەشکرد:" دوای ئەوەی کەشتییە جەنگییەکان لە شوێنیه رووداوەکە نزیکبوونەتەوە، دەستبەجێ بەلەمە خێراکان ئەو ناوچەیەیان جێهێشتووە، دواتریش کەشتییە بازرگانییەکە بە سەلامەتی لە ناوچەکە تێپەڕیوە".
لە بەیاننامەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکادا ناوی کەشتییە بازرگانییەکە نەهاتووە و ئاماژەی بەوەشنەکراوە، کە ئەو بەلەمە خێرایانەی دەوری کەشتییەکەیان داوە سەر بە چ گروپێک بوون، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان دەڵێن، بەلەمەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاڕاستەکراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا