كەمێك بەر لە ئێستا دەربارەی ناردنی 618 ملیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران زانیاری نوێی ئاشكراكرد.
دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" بەشێوەیەكی گشتی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەران كە بەشێوازێك لە شێوازەكان لەگەڵ هەمواری بودجە دەیانەوێت كێشە بۆ بەشە بودجەی هەرێم و شایستە داراییەكانی دیكە دروست بكەن دیارن، بەڵام ئەمانە دەنگی راستەقینەی حكومەتی عێراق و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی نییە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" تا كۆتایی ئەم مانگە بەشێوەیەكی گشتی چاوەڕاواندەكرێت كارەكانی هەمواری بودجە كۆتایی پێبێت و پاشان بێتە پەرلەمان و كۆتا رێكارەكانی لەگەڵدا بگیرێتەبەر و هەموار بكرێتەوە".
جەختی لەوەشكردەوە:" تا كۆتایی مانگ ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەی موچەخۆران دیاریكراوە دەگات هەرێمی كوردستان و تا هەماواری یاسای بودجەش ناردنی بڕە پارەكەی هەرێم بەردەوامی دەبێت".