دەمیرتاش بۆ ئەردۆگان: ئەوەی لە وان روویدا لەگەڵ قسەکانتدا یەک ناگرێتەوە

کوردستان 02/04/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

دوای ئەوەی کاندیدە سەرکەوتووەکەی دەم پارتی بۆ سەرۆکی شارەوانی وان دوورخرایەوە و کاندیدێکی ئاک پارتی خرایە شوێنی، سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی ئاڕاستەی رەجەب تەیب ئەردۆگان کرد و وتی ئەوەی لە وان روویدا لەگەڵ قسەکانتدا یەک ناگرنەوە.

ئەمشەوی سێشەممە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانی ئەدرنە ماوەی سزاکەی بەسەردەبات، بێدەنگی شکاند و پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێت، هێشتا زۆرن ئەو کەسانەی کە رێز لە ئیرادەی گەل ناگرن و وانەیان لە 10 ساڵی رابردوو وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا ئێمە رێگەی دایالۆگ و ئاشتی دادەنێین سەرباری نادادپەروەرییەکان، بەڵام هەندێک کەس ئامانجی ناڕەوایان هەیە.

ئەوەی لە وان روویدا لەگەڵ قسەکانتدا یەک ناگرێتەوە

لە پەیامێکیشدا بۆ ئەردۆگان دەڵێت، لە شەوی هەڵبژاردندا وتت کە رێز لە ئیرادەی گەل دەگریت و پەیامەکەیانت پێگەیشتووە، بەداخەوە ئەوەی لە وان روویدا لەگەڵ قسەکانتدا یەک ناگرێتەوە، بەم رێگەیە رێز لە ئیرادەی گەل ناگیردرێت، گەل و خوداش پەسەندی ناکەن.

وەک سەرۆکی وڵات ئەم هەوڵە نایاساییە رابگریت

دەمیرتاش لە درێژەی پەیامەکەدا بۆ ئەردۆگان باس لەوەش دەکات، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەین کە کۆتایی بەم هەوڵەبهێنیت و وەک سەرۆکی وڵات ئەم هەوڵە نایاساییە رابگریت.

دژی ئەم نادادپەروەرییە بوەستنەوە

لە پەیامەکەیدا ئەوەش هاتووە، داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەن، بە تایبەتی لە وان و ئەوانەی پشتگیری دیموکراسی دەکەن کە دژی ئەم نادادپەروەرییە بوەستنەوە، ئێستا کاتی گرژی و ئاڵۆزی نییە بەڵکو کاتی بنیاتنانی ئاشتییە.

گەلی کورد تا کۆتایی بەرگری لە ئازادی دەکەن

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە دەشڵێت، پێویستە لەسەر هەموو ئەو سیاسەتمەدارانەی کە دەسەڵاتی وڵاتیان لە دەستە، گوێیان لە دەنگی گەلی کورد بێت، گەلی ئێمە تا کۆتایی بەرگری لە ئازادییان دەکەن.

کاندیدەکەی دەم پارتی دوورخرایەوە

جێی ئاماژەیە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی پارێزگای واندا، عەبدوڵا زێدان، کاندیدی دەم پارتی بە جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتووبوو بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی پارێزگاکە، بەڵام دواتر وەزارەتی داد سکاڵای لەسەر تۆمارکرد لەسەر بنەمای ئەوەی ناوبراو پێشتر زیندانیکراوە و مەرجی کاندیدبوونی تێدا نەبووە، هەر بۆیە دوورخرایەوە، لە بەرامبەری ئەوەش، عەبدوڵاهات یارڤاش، کاندیدی ئاک پارتی، کە پارتەکەی ئەردۆگانە، بۆ گرتنەوەی شوێنەکەی دیاریکرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا