بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە
گوڵەخانە شەڕ لەنێوان هێزێکی سەر بە محەمەد حاجی مەحمود و هێزێکی سەر بە عەبدوڵا
حاجی مەحمودی برایدا دروستبوو.
بەگوێرەی ئەو
زانیارییانەی دەست BMC کەوتووە،
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێکی چەکدار بە سەرپەرشتی کوڕێکی عەبدوڵا حاجی
مەحمود چوونەتە گوندی گوڵەخانە.
زانیارییەکان ئەوە
ئاشکرا دەکەن، پاش شەڕ و رووبەڕوبوونەوە هێزە چەکدارەکە دەستیان بەسەر ئەو موڵکەدا
گرتووەتەوە کە پێشتر لەلایەن عەبدوڵا حاجی مەحمودەوە خاوەندارێتی دەکرا و لەلایەن
هێزێکی پارتی سۆسیال دیموکراتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
هاوکات عەبدوڵا حاجی مەحمود
لەوبارەیەوە رایگەیاند:" ئەو خانووە کە لە گوڵەخانەیە لەلایەن هێزێکی سەرۆکی
پارتی سۆسیال دیموکراتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، چەند جارێکیش لە رێگەی کۆمەڵایەتی
و حزبەکە و یاساییشەوە داوای چۆڵکردنیمان کرد، بەڵام هەر چۆڵیان نەکرد".
باسی لەوەشکرد:"
کوڕەکەم گەنجە و وتوویەتی ماڵی خۆمە و رۆیشتووە بۆ خانووەکە، ئەوان تەوەیان کردووە
و کوڕەکەشم وەڵامی داونەتەوە، لە رووبەڕوبوونەوەکەشدا هیچ کەسێک بریندار
نەبووە".
روونیشیکردەوە:"
هێزیان هێناوەتە سەر ماڵەکەم و چواردەوری ماڵەکەیان گرتووە، داوا دەکەم ئەو هێزە
دووربخرێتەوە چونکە هەرشتێک رووبدات ئەوان لێی بەرپرسیارن".