ئومێد خۆشناو: چەند کەسێک بەهۆی شەڕەکەی دوێنێ دەستگیرکراون

کوردستان 11/06/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

پارێزگاری هەولێر ئاشکرایکرد، بەهۆی شەڕەتەقەکەی دوێنێوە کە تیایدا سێ کەس کوژران، چەند کەسێک دەستگیرکراون.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" شەڕەتەقەکەی دوێنێی گەڕەکی هەولێری نوێ بەهۆی کێشەیەکی زەویوزارەوە بووە".

پێشتر زەوییەک دراوە بە وەبەرهێنەرێک و پاشان لێی وەرگیراوەتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد:" کێشەکە ئەوە بووە کە پێشتر زەوییەک دراوە بە وەبەرهێنەرێک و پاشان لێی وەرگیراوەتەوە و دراوە بە وەبەرهێنەرێکی دیکە، هەروەها مێژووی کێشەکە بۆ 10 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە".

رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر

باسی لەوەشکرد:" چەند کەسێک بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیرکراون و بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری کێشەکە، رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر".

ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی هەولێری نوێ شەڕەتەقە لەنێوان چەند کەسێکدا روویدا و بەوهۆیەشەوە سێ کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا