بۆچی رۆناڵدۆ هەرگیز مەی ناخواتەوە؟

وەرزش 23/09/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

بابەتی سەرەکی: باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیان و سەرکەوتنەکانی کوڕەکەی هەبوو، ئالودەی خواردنەوە کحولییەکان بوو، هەر بەهۆی ئەو ئالودەبوونەوە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر گیانی لەدەستدا و هەر بەو هۆیەشەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەوکاتەوە مەی نەخواردووەتەوە.

زانیاری: خۆسێ دێنیس ئاڤێرۆ کە باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، سەربازی پۆرتوگال بووە و لە جەنگێکی کۆلۆنیالیزمدا شەڕی کردووە لە دژی سەرکەوتنی ئەنگۆلا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەهۆی ئەو دیمەنە ترسناکانەش کە لە شەڕ و لە کاتی سەربازیدا بینیویەتی، ئالودەی مەیخواردنەوە بوو.

زیاتر: لە ساڵی 2005 کە ئەوکات رۆناڵدۆ یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بوو، باوکی ئەو یاریزانە بەهۆی مەیخواردنەوە ژیانی کەوتە مەوترسییەوە و رۆناڵدۆ بۆ رزگارکردنی باوکی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیاندنییە لەندەن، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئەنجام بوو و باوکی ژیانی لەدەستدا، ئەو رووداوەش بووە هۆی ئەوەی لەوکاتەوە رۆناڵدۆ مەی نەخواتەوە.

چی تر: ئاڤێرۆ یەکێک بوو لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی کوڕەکەی، باوکێکی بەبەزەیی و دڵسۆز بووە بۆ منداڵەکانی، خۆشی دەویستن و لەئامێزی دەگرتن، هەرگیز جارێک لە یەکێکیانی نەداوە.

ئەمەش هەیە: بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی باوکی رۆناڵدۆ وەک کارگوزار لەگەڵ تیپی ئەندۆرینها کاری دەکرد، ژووری جلگۆڕینەکانی پاکدەکردەوە و درێسی یاریزانەکانی دەشوشت، ئەو یانەیەی رۆناڵدۆی کوڕی یاری بۆ دەکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی رۆناڵدۆ رووبەڕووی توانج و گاڵتەجاڕی و رەخنەی زۆری هاوڕێکانی ببێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا