ئێوارەى ئەمڕۆ لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نەناسراوەوە
چەندین خێمەی خۆپیشاندەران لەگۆڕەپانى تەحریرى بەغداى پایتەخت سوتێنرا و گرژى و ئاڵۆزیش لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان
دروستبوو.
میدیاکانى عێراق بڵاویانکردەوە، لە خۆپیشاندانەکانى
بەغداى پایەتەخت گرژى دروستبووە و خێمەى خۆپیشاندەرانیش لە گۆرەپانى تەحریر لەلایەن
کۆمەڵێک کەسى نەناسراوەوە سوتێنران، هەر ئەمڕۆ لەزۆربەى شارەکانى دیکەى عێراق خۆپیشاندان
دەستیپێکردەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵى بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیاندا.
هاوکات، لە پارێزگاى نەجەف کۆمەڵێک کەسی نەناسراو
لە نێوخۆپیشاندەرانەوە هێرشیان کـردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بە فیشەک وەڵامدرانەوە،
لە پارێزگاى بابلیش ماڵی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا لەلایەن خەڵکانی نەناسراوەوە
سوتێنرا و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی دروست بوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دواى نزیکەى ساڵێک لە کۆتایهاتنى
خۆپیشاندانەکانى بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق، ئەمڕۆ جارێکى دیکە خۆپیشاندان لە گۆڕەپانەکانى
تەحریر و خەلانى و پردى سەنەک لە بەغدا و چەند شارێکى دیکە دەستیان پێکردەوە و هیزە
ئەمنییەکانیش روبەڕویانبوونەوە.