وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای
میسان لە باشوری عێراق پیاوێک بە تۆمەتی خنکاندنی سێ منداڵەکەیەوە دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی شوباتی ٢٠٢١، وەزارەتی ناوخۆی عێراق
لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:"لە ئەنجامی کێشەیەکی خێزانیدا لە قەزای "قەڵای ساڵح"ی سەر بە پارێزگای میسان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پیاوێک لە ژێر کاریگەری بەکارهێنانی ماددە
هۆشبەرەکاندا سێ منداڵەکەی خنکاند و بەهۆیەوە گیانیانلەدەستدا".
ئاماژە بەوەشکراوە:"منداڵەکان تەمەنیان پێنج، هەشت
و نۆ ساڵان بووە، پاش ئەنجامدانی تاوانەکەش پیاوەکە لە ماڵەکەی هەڵهات و پاش یەک
کاتژمێر لە راوەدوونانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا".
ئەوەشخراوەتەڕوو:" تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و لە بەرامبەر دادوەریش دانی بەوەداناوە کە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی
ماددە هۆشبەرەکاندا ئەو تاوانەی ئەنجامداوە و سەرجەم رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر
دەگیرێتەبەر".