پاش ئەوەی چەند رۆژێک بەر لە ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری باندێکی دزیکردن و کوشتنی راگەیاند، دوێنی کەسی چوارەمی باندەکەش خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایش کرد.
ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی ئازاری ٢٠٢١، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە:" دوێنی هەینی کەسی چوارەمی باندێکی تۆمەتبار بە کوشتنی هاوڵاتییەکی عەرەب و رێگریکردن لە خەڵک لە نێوان رێگەی چەمچەماڵ و تەکیەی کاکەمند لە ژێر فشاردا خۆی رادەستی هێزەکانمان کرد".
ئاماژە بەوەشکراوە:" تۆمەتبارەکان لە کاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەکەیانداناوە کە ماوەی چەند مانگێکە لە رێگەی نێوان چەمچەماڵ و تەکیەی کاکەمەند رێگریان لە خەڵک کردووە".
ئەوەشخراوەتەڕوو:" تۆمەتباری چوارەم دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵە و سەرجەمیان بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەماددەی ٤٠٥ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراون".