گەشكەی تا چییە؟!

تەندروستی 12/02/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان دەربارەی تووشبوونی گەشكە لە منداڵاندا زانیاری و رێنمای دەخاتەڕوو.

 سۆران سابڕ عوسمان، پزیكشی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:"  گەشكەی تا جۆرێكی سەلامەتی گەشكەیە كە لە كاتی هەبونی تا لە منداڵان ڕوودەدات لە نێوان تەمەنی شەش مانگ بۆ شەش ساڵی".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" كاتێك پلەی گەرمی لەشی دەگاتە سەروو 37 پلەی سیلیزی، زۆربەیجار خولەكێك بۆ دوو خولەك دەخایەنێت، هەندێ جاریش چەند چركەیەك یان چەند خولەكێك دەخایەنێت".

ئاشكراشیكردووە:" لەم بارودۆخەدا منداڵەكە هۆشی نامێنێت و پەلەكانی ڕەق دەبن و دەلەرزن، چاوی دەسوڕێت و دەم و چاوی سور یان شین دەبێتەوە". 

كێن ئەو منداڵانەی توشی ئەم بارودۆخە دەبن؟! 
نزیكەی 5٪ی ئەو منداڵانەی لە خوار شەش ساڵیەوەن بەهۆی تاوە توشی گەشكە دەبن، زۆرینەی حاڵەتەكان لە نێوان ساڵێك بۆ دوو ساڵی ڕوودەدات و وە زیاتر لە نیوەیان تەنها یەكجار توشی دەبن و ئەوانیتر لەوانەیە زیاتر لە جارێك توشی ببن، و زیاتر ئەوانە توشی دەبن كە ئەندامێكی تری خێزانیان گەشكەی تای هەبوبێت. 

ئەم بارودۆخە چەندێك مەترسیدارە؟!

ئەم جۆرەی گەشكە مەترسیدار نیە و هیچ زیانێك بە مێشك ناگەیەنێت و دوای گەشكەكە منداڵەكە بەتەواوی دەگەڕێتەوە بارودۆخی جارانی، بەڵام ڕێژەیەكی زۆر كەمیان لەوانەیە ببنە پەركەم (صرع)، بەتایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەكانیان نەخۆشی پەركەم بوونی هەیە. 

چۆن رێگری بكەین لە توش بوون بە گەشكە؟!

 كاتێ منداڵ تای لێیە نەهێڵی پلەی گەرمی لەشی زۆر بەرز بیێتەوە بە بەكارهێنانی دەرمانی تا و داكەندنی جلەكانی و ساردكردنەوەی لەشی منداڵەكە بەبەكارهێنانی پەڕۆی تەڕ. 

ئەگەری دووبارە بونەوەی گەشكەی تا لە ئارادایە؟!

 زۆربەی جار منداڵان یەكجار توشی دەبن، بەڵام لە ئەگەری بونی تا 30 تا ٣٥٪ منداڵان لەوانەیە بۆ دووەم جار توشی ببن، بەتایبەتی ئەگەر یەكێكی دیكە لە خێزانەكە گەشكەی تای هەبو بێت وەك دایك و باوك یان خوشك و براكانی. 

ئایا كوتان بۆ منداڵەكانمان بكەین؟!

 بەڵێ منداڵان بكوترێن باشترە، دەگمەنە گەشكەی تا دوبارە بێتەوە دوای كوتانی منداڵ. 

چی بكەین كاتێك منداڵێك گەشكە دەگرێ؟!

 - ئارام بە و خۆت مەشڵەژێنە.

- نەیەڵی ڕێڕەوی هەناسەی بگیرێت بە پاكردنەوەی ناو دەم و دانانی منداڵەكە لەسەر لایەك و هیچ شتێكی پێ مەدە و هیچی مەخەرە ناو دەمی.

- هێنانە خوارەوەی تای منداڵەكەت بە خێرایی بەداكەندنی جلە زیادەكانی و بەكارهێنانی پەڕۆی تەڕی سارد، وە بەكارهێنانی دەرمانی تا كاتێك گەشكەكەی نەما و هۆشی هاتەوە.

- بردنی منداڵەكە بۆ نزیكترین بنكەی فریاكەوتن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا