ئەو سەرمایەدارەی دێرین عوزێری سەرانەی لێوەرگرتبوو هاتەدەنگ

کوردستان 12/02/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

دوای ئەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنی دێرین عوزێری بڵاوکردەوە، سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی رایگەیاند، ناوبراو پێشتر سەرانەی لێوەرگرتووە و بافڵ جەلال تاڵەبانی هاتووەتە سەرهێڵ.
ئەحمەد کامیل فەقێ کە یەکێکە لە سەرمایەدارەکانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند:" ئێمە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونمان هەیە و لە ماوەکانی رابردوودا، شەوێکیان لە یەکێک لە گەراجەکانی نزیک یانەی کۆمەڵایەتی سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم، لەناکاو دوو کەس پەیدا بوون و خۆیان بە کارمەندی ئاسایش ناساند و داوای ناسنامایان لێکردم".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دوای ئەوەی ناسنامەکەمان پێدان، یەکێک لەو دوو کەسە نەناسراوە دەمانچەی دەرهێنا و تەقەی لە قاچم کرد و هەردوو قاچمی بریندار کرد".
باسی لەوەشکرد:" یەکەمجار نەمزانی هۆکاری رووداوەکە چییە، دوای ئەوەی داوای یاساییم تۆمارکرد و بەدواداچوون کرا، دەرکەوت ئەو دوو کەسە سەر بە کوێخا دێرینن، ناوبراو پێشتر داوای سەرانەی کردووە و ئێمەش چەندجارێک داومەنەتێ بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو ناوچەیە ئەوان خاوەندارێتی دەکەن و پێشتر هی باوکی بووە".
سەرمایەدارەکەی سلێمانی وتیشی:" دوای بریندارکردنم بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بابەتەکە ئاگادارکرایەوە و وتی، ئەم دۆسیەیە دۆسیەیەکی گەورەیە و نابێت لە سلێمانی شتی وا رووبدات، بۆیە خۆی کردە خاوەنی دۆسیەکە".
روونیشیکردەوە:" دوای ئەوەی سکاڵامان تۆمارکرد، ئەو دوو کەسەی منیان بریندار کردبوو دەستگیرکران و دانیان بەوەدا نا کە کار بۆ دێرین عوزێری دەکەن"
پێشتر دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندبوو، کوێخا دێرین بەپێی ماددەکانی 405-31 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە، پارە وەرگرتن و هەڕەشە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی بووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا