ئاژانسی سۆمەرییە نیوز رایگەیاند، دادگای رەسافە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک کارمەندی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب دەرکردووە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩ی نیسان، میدیا عێراقییەکان رایانگەیاند:" دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە لە شاری بەغداد فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب دەرکردووە".
ئاماژەیان بەوەشکرد:" لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار وایە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسێکی دیکەی پەیوەندیدار بەو پرسەوە دەربچێت".
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی ٢٥ی نیسان بەهۆی تەقینەوەی بتڵی ئۆکسیجینەوە ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب کەوتەوە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، هەر بەهەمان هۆکار پەرێزگاری بەغداد و وەزری تەندروستی لە پۆستەکەیان دوورخرانەوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی رووداوەکە بەردەوامە.