بەهۆی ئەوەی لێدانە یەکلاییکەرەوەکانیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا فەوتاند، سێ یاریزانی ئینگلتەرا هێرشی رەگەزپەرستانەیان کراوەتە سەر.
شەوی رابردوو لە میانی یاری کۆتایی جامی یۆرۆ هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا لەسەر یاریگای وێمبڵی لە شاری لەندەن رووبەڕووی یەکبوونەوە، کاتی فەرمی یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتاییهات و پەنا برایەبەر لێدانە یەکلاییکەرەوەکان بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی یۆرۆ.
لە کاتی ئەنجامدانی لێدانە یەکلاییکەرەوەکاندا هەریەکە لە یاریزانان سانچۆ و ساکا و راشفۆرد نەیانتوانی گۆڵبکەن و لێدانەکانیان لەدەستدا.
بە مەیمون ناویان دەبرێت
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی تەمموز، ماڵپەری سکای سپۆرت رایگەیاند:" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی رەگەزپەرستی زۆر لەلایەن هاندەرانی ئینگلتەراوە دەکرێتەسەر ئەو سێ یاریزانە و بە مەیمون ناویان دەبرێت".
لەوبارەیەشەوە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا ئاماژەی بەوەکرد، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو کارەی هاندەران دەکەن و ئەو هەڵمەتەیان بە ناڕەوا ناوبرد.