ئارام رەشيد رۆمانێک بە PDF پێشکەش بە خوێنەران دەکات

هەمەرەنگ 30/07/2021

Alternate Text

ئارام ڕەشید، وەرگێڕی بەئەزموونی کورد ڕۆمانێک بە PDF پێشکەش بە خوێنەران دەکات.

ئارام ڕەشيد، وەرگێڕی دیار و بە ئەزموونی کورد پێشتر رۆمانی چەندین گەورە نووسەری جیهانی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتەسەر زمانی کوردی، لە ماوەی رابردووشدا ڕۆمانێکی بەناوبانگی جیهانی بەناوی "ترس لە مەرگ"ی نووسەر "ستیڤ تۆڵتز" وەرگێڕا و چاپ و بڵاوی کردەوە.

ئەو وەرگێڕە بە ئەزموونە پێش چەند مانگێك ڕۆمانى "ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە"ى لەلایەن "دەزگاى ڕۆشنبيرى جەمال عيرفان"ەوە چاپ و بڵاوكردەوە. لە هەوڵ و بیرۆکەی نوێی ئارام ڕەشید، ڕۆمانى "بۆنساى"، "ئەلێخاندرۆ زامبرا"ی وەرگێڕاوەتەسەر زمانی کوردی و بەرلەوەی بەچاپی بگەیەنێت بە PDF پێشکەشی خوێنەرانی دەکات، ئەمەش ئەزمونکردنە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیاتری تەکنەلۆژیا و گرنگیدانە بە خوێنەر بەتایبەتی لەم سەردەمی کۆرۆنایە، بۆ ئەوەی کەسێک بە سانایی لە مۆبایلەکەی یاخود لاپتۆپەکەیەوە لە ماڵ و شوێنەکەی خۆیەوە رۆمانەکە بخوێنێتەوە.

چەند کورتەباسێک لەبارەی رۆمانەکە و نووسەرەکە:

"ئەدەبيات لەمە جوانتر نانووسرێت" بۆنساى چيرۆكى خۆشەويستى نێوان «خوليۆ» و «ئێميليا»يە، دوو لاوى چيلليايى، كە هەر لە يەكەمين ڕستەوە ئاخر و عاقيبەتيان روون دەبێتەوە: ئێميليا دەمرێت و ئەو بەتەنيا دەمێنێتەوە، گەرچى چەندين ساڵ پێش مردنى ئەويش، ئەو هەر تەنيا بووە، ئەمە يەكەمين ڕستەى ڕۆمانەكەيە، بەڵام پرۆسەى گێڕانەوە پێشبينينەكراوە.

ڕۆمانێك كە دەستپێكەكەى كۆتاييە و كۆتاييەكەشى كۆتاييەكى واقعييە. ئەدەبيات لەمە جوانتر نانووسرێت: ئێميليا دەمرێت، خوليۆ نامرێت. باقييەكەى ئەدەبياتە.

 خوليۆ و ئێميليا پێكدى ئاشنا دەبن، پێكەوە دەخەون، ئەوسا عاشقى يەكتر دەبن، هەر بەم سادەييە. لێكدى جيا دەبنەوە، بێ درامێك. جوانی لە خودى ئەم تراژيديايەدايە، لەو هەقيقەتەى كە خۆشەويستيان بەرامبەر يەكتر كاڵ دەبێتەوە، بەڵام وابەستەى يەكتر دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو شتێكيش تەواو بووبێت. زامبرا لە چەند رستەى كورت دا وابەستەی قووڵی ئەوان نيشان دەدات، هەردووكيان دەڵێن پرۆستيان خوێندووەتەوە، هەردووكيشيان درۆ دەكەن.

ڕۆمانی بۆنساى، شۆكێك بوو لە مێژووى ئەدەبياتی ئەمەريكاى لاتين. ڕەخنەگرانی ئەدەبی دەيانپرسی: زامبرا كێيە؟ چۆن دەبێت نووسەرێك بە رۆمانێكی وا بچكۆلەوە، كاريگەرييەكی وا گەورەى لەسەر خوێنەران دانابێت؟ چۆن دەكرێت گشت رەخنەكان ستايشئامێز بن، لە كاتێكدا ئەم كتێبە بچكۆلەيە، چيرۆكێكى سادەى عاشقانەى هەيە.

ئەلێخاندرۆ زامبرا لە ساڵى ١٩٧٥ لە شارى سانتياگۆى وڵاتی چيللی لەدايك بووە. پێش تەمەنی چل ساڵي يەكێك بووە لە ئەندامانی گرووپی بۆگۆتا ٣٩ كە بە باشترين نووسەرە لاوەكانی ئەدەبياتی ئەمەريكاى لاتين دادەنرێن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا