ئەندازیارێکی خۆراک ئەو هەنگاوانە ئاشکرادەکات کە لە
رێگەیەوە گۆشتی نوێ و تەندروست لە گۆشتی خراپبوو و ناتەندروست جیادەکاتەوە.
لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک لە میانەی پێشکەشکردنی
بەرنامەی چی بخۆین کە لە BMC پەخش دەکرێت، ئاماژەی بەوەکردووە:" پێویستە هەموو گۆشتێک پشکنینی بۆ
ئەنجامدرابێت و بەچاودێری ڤێرتەرنەری خرابێتە بازاڕەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند
پشکنینێکی سەرەتایی هەن کە هەموو کەسێک دەتوانێت پێش کڕینی گۆشتەکە ئەنجامی بدات
".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" لە بنەڕەتدا رەنگی هەریەک لە
گۆشتی مانگا و بزن سورێکی کاڵە، ئەگەر رەنگەکەی گۆڕدرا بۆ سوری تۆخ، یاخود لە
رەنگی قاوایی نزیکبووەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەکتریا و میکرۆب لەسەری گەشەی
کردووە و تەندروست نییە".
لەشکر حەمید وتیشی:" گۆشتی بەرخ رەنگی گاڵترە و
رێژەی چەورییەکەشی زیاترە، هاوکات ئەگەر گۆشتەکە رەونەق و شێی پێوە نەمابوو مانای
ئەوەیە گۆشتەکە بۆ ماویەکی زۆر ماوەتەوە و بەکتریا لەسەری گەشەی کردووە ".
نابێت دوای سەربڕینی ئاژەڵەکە گۆشتەکەی بشۆردێتەوە و بخرێتە ساردکەرەوە
روونیشیکردەوە:" هەڵەی باوی زۆربەی خانمان ئەوەیە
دوای سەربڕینی ئاژەڵەکان دەیشۆنەوە و دواتر لە ناو ساردکەرەوەدا هەڵیدەگرن، بەڵام
بەو هەنگاوە گۆشتەکە بەها خۆراکییەکانی کەمدەبێتەوە و باشتر وایە دوای سەربڕینی
ئاژەڵەکە و پارچەکردنی راستەوخۆ بکرێتە ناو ساردکەرەوە".