ئەو دایکەی کە لە گرتە ڤیدۆییەکدا ئەشکەنجەی
منداڵەکانی دەدا، بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و منداڵەکانیشی گوازراونەتەوە بۆ
خانەی بێ سەرپەرشتان.
شیروان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری خانەی کوڕانی
هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند:" لە چەند رۆژی رابردوودا گرتە ڤیدیۆیەک
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تیایدا دایکێک بە توندی ئەشکەنجەی
منداڵەکانی دەدات، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان
بە بەدواداچوون کرد".
پێنج منداڵ هێنراون بۆ خانەی بێ سەرپەرشتانی هەولێر کە چواریان بۆ خانەی کچان و یەکێکیشیان بۆ خانەی کوڕان
ئاماژەی بەوەشکرد:" بە بڕیاری دادوەر
رۆژی دووشەممە، پێنج منداڵ هێنراون بۆ خانەی بێ سەرپەرشتانی هەولێر کە چواریان بۆ
خانەی کچان و یەکێکیشیان بۆ خانەی کوڕان".
ئەم خێزانە خەڵکی ناچەکانی دیکەی عێراقن و وەک ئاوارە لە هەولێر نیشتەجێن
باسیلەوەشکرد:" شەوی رابردووش، منداڵێکی
دیکەی هەمان خێزان بە بڕیاری دادوەر هێنراوە بۆ خانەی کوڕانی بێ سەرپەرشتان،
ژمارەی منداڵەکان بووە شەش منداڵی یەک خێزان، کە ئەم خێزانە خەڵکی ناچەکانی دیکەی
عێراقن و وەک ئاوارە لە هەولێر نیشتەجێن".
دایکی منداڵەکان راگیراوە کە لە گرتە ڤیدۆییەکەدا ئەشکەنجەی دابوون
شیروان عەبدولڕەحمان ئەوەشیخستەڕوو:"
هاوکات هەر بە بڕیاری دادوەر، دایکی منداڵەکان راگیراوە کە لە گرتە ڤیدۆییەکەدا
ئەشکەنجەی دابوون، منداڵەکانیش لەناو خانە سەرجەم خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش دەکرێت
و ئێستا هیچ کێشەیەکیان نییە".