سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە: ئەرکی زانکۆ نییە جیاوازی چینایەتی نەهێڵێت

کوردستان 10/09/2022

لەلایەن: lawan

Alternate Text

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەرکی زانکۆ نییە جیاوازی چینایەتی لەنێوان خوێندکاران نەهێڵێت، بەڵکو ئەرکی زانکۆ بریتییە لەوەی ئاستی زانستی خوێندکار بەرزبکاتەوە و زیاتر هۆشیاری بکاتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.
د. مهاباد کامل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە بەرنامەی ( دیداری تایبەت)ی BMC، کە دنیا ماجد پێشکەشی دەکات، سەبارەت بە سیستەمی یەکپۆشی لە زانکۆکان رایگەیاند:" ئامانجی سەرەکی پەیڕەوکردنی سیستەمی یەکپۆشی نەهێشتنی جیاوازی چینایەتییە لەنێوان خوێندکارانی زانکۆدا، بەڵام بە تێڕوانینی ئێمە ئەم سیستەمە ئەو جیاوازییە کەمناکاتەوە، چونکە خوێندکارێک کە لە چینی مامناوەند یاخود لاوازی باری داراییدا بێت بە پۆشاکەکانیادا دیارە ئەگەرچی سیستەمی یەکپۆشیش لە زانکۆکاندا پەیڕەو بکرێت، بەهەمان شێوەش بۆ خوێندکارانی چینی دەوڵەمەند".
ئەوەشی خستەڕوو:" ئەمساڵ سیستەمی یەکپۆشی لە زانکۆکان بووەتە باسێکی سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکان و لێدوان و بۆچوونی بەشێکی زۆر لە رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆی لەسەر وەرگیرا، ئەگەرنا ئەم پرسە چەند ساڵە هەیە، بەڵام چونکە پرسێکی روخسارییە و گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، لە زانکۆکاندا گرنگی پێنادرێت، بەڵکو لە جێگەی ئەوە زیاتر جەخت لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانستی خوێندکار دەدرێت".
راشیگەیاند:" وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆری خوێندکاران لەگەڵ سیستەمی یەکپۆشیدا نین چونکە سنووردارکردنی ئاستی بیکردنەوەکانیانە، ئێمەش وەک بەشێکی زۆری مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە لەگەڵ ئەو سیستەمەدا نین".
د. مهاباد کامل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە جەختیشیکردەوە:" ئەرکی زانکۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی نییە لەنێوان خوێندکاراندا، بەڵکو ئەرکی زانکۆ بریتییە لە پێدانی زانستی و هۆشیاری بە خوێندکار و ئامادەکردنییەتی بۆ پێشکەوتنەکانی سەردەم".
دەشڵێت:" پەیڕەوکردنی سیستەمی یەکپۆشی لە زانکۆکان، ئەرکی زانکۆکان قورستر دەکات، بەوپێیەی زانکۆکە پێویستە چەند کارمەند و مامۆستایەک تەرخانبکات بۆ چاودێریکردنی پابەندنبوونی خوێندکاران بە سیستەمەکەوە".
روونیشیکردەوە:" تاوەکو ئێستا لە زانکۆی هەڵەبجە سیستەمی یەکپۆشی خوێندکاران نەکراوە بە رێنمایی و جێبەجێنەکراوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو سیستەمەش سەرجەم خوێندکاران ئاگاداردەکەینەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا