پارێزگای هەولێر بڕیاریدا، هیچ کۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی
بەرگری شارستانی بۆی نەبێت غاز لە ماڵان جێگیر بکات.
پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە
هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە
پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتیەکان و ماڵان و بە کارهێنانى غازی ئێڵ
پی جی ئەنجامدرا".
دەقی بڵاوکراوەکەی پارێزگای هەولێر:
لەسەرتایى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى
هەولێر، ئاماژەى بە رووداوە نەخوازراوەکەى رۆژی پێنجشەممە 2022.11.17ی شاری سلێمانیدا کە کارەساتێکى ناخ هەژێن بوو و هەمووانى لە دڵەوە
نیگەران و خەمبارکرد، لەوبارەیەشەوە وێڕاى دووبارە سەرخۆشى لە کەس و کارى
قوربانیانى کارەساتەکە، تیشکى خستە سەر ترس و دڵەڕاوکێى هاوڵاتیان لە دواى
ڕووداوەکە بەتایبەتى ئەو شوێنە گشتیى و ماڵانەى کە سیستمی غازی شل و شۆفاژ
بەکاردەهێنن، لەوبارەیەشەوە بە پێویستى زانى لە زووترینکاتدا پێداچوونەوە و
بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن و جەختى لەسەر
ئەوەش کردەوە هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستەم دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداری
بەرگرى شارستانیى و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیایى مۆڵەتدرا و
کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دابنرێت.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ
و وەرگرتنى تێبینى و ڕاو سەرنجى ئامادەبووان لەسەر ئەم پرسە، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم
بڕیارانە:-
یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان لە
چۆنیەتى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسیەکانى دانانى ئەو
سیستەمە لەلایەن کەسانى بێ مۆڵەت و ناشارەزا.
دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو
کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن.
سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى
ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان
جێگیربکات، ئەوانەشى لە ئێستادا ئەو کارە دەکەن دەبێت لەماوەى یەک مانگ سەردانى
بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى هەولێر بکەن.
چوارەم/ بنكهكانى بهرگرى شارستانى
پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.
پێنجەم/ لیژنەکانى (قائیمقامیەت، شارەوانى،
بەرگرى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو
سیستەمەیان بۆ دانراوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى
هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ پی جی)یان بۆ
ئۆتۆمبێل دادەناوە، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى
بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.
حەوتەم/ دانانى لیژنهیهك بۆ پێداچوونەوە
و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا.
هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى
ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی (ئێڵ پی
جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسیەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان ئەنجامدەدات.
نۆیەم/ دەرچواندنى چەند فەرمانێک
لەنزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ پی جی و
شۆڤاژ.