وەزارەتی تەندروستی بریارێکی لەبارەی بەکارهێنانی ماسک لە شوێنە گشتییەکان دەرکرد

کوردستان 02/12/2022

لەلایەن: lawan

Alternate Text

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڕیارێکی نوێی لەبارەی بەکارهێنانی ماسک لە شوێنە گشتییەکان دەرکرد و وتەبێژی ئەو وەزارەتەش دەڵێت، لەمەودوا بەکارهێنانی ماسک لە شوێنە گشتییەکاندا ئارەزوومەندانە دەبێت.

د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا:" دوابەدوای بەدواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنى ره‌وشى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و جیهاندا لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە، به‌ مه‌به‌ستى پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێکكاره‌كانى خۆپارێزى دژى نه‌خۆشیى ڤایرۆسى كۆڕۆنا و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتیى هاوڵاتییان چەند بڕیارێک دەرکرا، کە بریتیین لەمانە:

١- داوانەکردنی بڕوانامه‌ى (کارتی ڤاکسین) لە گەشتیارانی (ناوخۆ و بیانی) هاتوو بۆ یان چوو لە هەرێمی کوردستان
٢- بەکارهێنانی ماسک لە گشت شوێنە گشتییە (داخراو و کراوە) وەک شوێنە ئایینییەکان، چێشتخانەکان، هۆڵی بۆنەکان بە شێوەی ئارەزوومەندانە، جگە لە دامەزراوە تەندروستییەکان
٣- جەختکردنەوە لە گشت وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و دامەزراوە و فەرمانگە ناحکوومییەکان دەربارەی گرنگیی گرتنەبەری ئەو رێکارەنەی کە هانی کارمەند و فەرمانبەرەکانیان بدەن بۆ وه‌رگرتنى ڤاكسینى دژه‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا كه‌ له‌ گشت بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌رده‌سته‌، چونکە ڤاکسین وەرگرتن کاریگەریی خۆی سەلماندووە لە رووی کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كان و مردووان".
ئەوەشی خستەڕوو:" وه‌كو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌و بڕیاره‌ زانستیانه‌ى كه‌ ده‌درێت له‌ ته‌ندروستی عێراق، نوێنه‌رى خۆمان هه‌یه هه‌روه‌ها نوێنه‌رمان هه‌یه‌‌ له‌ لێژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆڕۆنا له‌ عێراق و به‌شدار ده‌بن له‌ بڕیاره‌كان، به‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌ندروستیى عێراق، بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
راشیگەیاند:" جه‌خت له‌سه‌ر وه‌رگرتنى ڤاكسینى كۆڕۆنا ده‌كه‌ینه‌وه،‌ چونكه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى تووشبووانى كۆڕۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند هه‌فتەیه‌كیشه‌ حاڵەتی مردن بە کۆڕۆنا نییه‌، هۆكاره‌كه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسینه‌".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا