یەکێتی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی عێراق دەستپێدەکات

درێژتر لە هەواڵ 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆتایی هات و راگەیەندراوێک لەوبارەیەوە بڵاوکرایەوە.

 

راگەیەندراوی فەرمی: مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە: دامەزراوەکانی یەکێتی راسپێردران لە ئێستاوە دەست بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بکرێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال ‏تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە ئەمرۆ (2024-10-22) لە بارەگای نوێی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی بەرێوەچوو، تاوتوێی دەرەنجامەکانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد کە ‏رۆژی(20/10/2024) لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

مەکتەبی سیاسی وێڕای پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی ‏پرۆسەی هەڵبژاردن و بە پیرەوەچوونی بەرچاویان لە پرۆسەی دەنگدان، ‏پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەڤاڵانی یەکێتی و کاندیدە تێکۆشەرەکان و جەماوەری وەفاداری حزبی ‏شەهیدان کرد کە سەروەری گەورەیان لە دوو هێندەکردنی دەنگەکانی یەکێتی تۆمار کرد و ‏بە کەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ توانییان پەیامی ‏راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی هاوسەنگی هێز بەرجەستە بکەن و ‏راستگۆیی گوتاری ڕاست و رەوای یەکێتییەکەیان دووپات بکەنەوە کە هەر ئەم پەیامەش ‏نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتووی یەکێتیی دەبێت لە نوێکردنەوەی دیموکراتییانە و دادپەروەرانەی ‏پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی لە سەرجەم بوارەکان کە هەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەکەمان دەبێت.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان، لەهەمان کاتدا هەڤاڵان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، ‏لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی حزبەکەیان لە پرۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە هەرێمی کوردستان، بە ‏سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا