ئاشکرایە ئاو یەکێکە خواردنەوە هەرە بە سوودەکان بۆ لەش بە تایبەتی کە رۆڵی سەرەکی هەیە بۆ لەناوبردنی خانە ژەهراوییەکانی ناو لەش، خێراترکردنی کردەی هەرسکردن و گەنج هێشتنەوەی پێست و چەندان سوودی دیکە، بەڵام هاوشێوەی هەموو خواردن و خواردنەوەی دیکە زیادەڕۆیکردن لە خواردنەوەی زیانی زۆر مەترسیدار بە جەستە دەگەیەنێت، لەوانەش تێکدانی خانەکانی مێشک و ژەهراویبوون بە ئاو.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ماڵپەڕی (timesnownews)، ئاو سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر سوودی هەیە، زیادەڕۆیکردن لە خواردنەوەیدا وێڕای ئەوەی سوودی نابێت بەڵکو بە پێچەوانەوە زیانیشی دەبێت و چەندین نەخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەندێک جاریش رەنگە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسەکە بە تایبەتی ئەگەر بەتەمەن بێت و نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت.
خواردنەوەی بڕی ئاوی پێویست، پەیوەستە بە تەمەن و کەشوهەوا و ئەو چالاکییانەی رۆژانە ئەنجامدەدرێت، بۆیە هیچ کات ناتواندرێت رێژەیەکی دیاریکراوی پشتبەستراو بە بەڵگە و زانست جێگیربکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی رۆژەکەدا بخورێتەوە، بەڵام چەند نیشانەیەک هەن کە دەریدەخەن کە زیاد لە پێویست ئاو لە جەستەدا هەیە و زیادەڕۆیکراوە لە خواردنەوەیەدا لەوانە:
١- گۆڕانی رەنگی میز و کاڵبوونەوەی رەنگەکەی
٢- سەرئێشەی بەردەوام
٣- خەواڵووی
٤- ئازار و ژانکردنی بەردەوامی گورچیلەکان
٥- ئالودەبوون بە خواردنەوەی ئاو، لە کاتێکدا هەست بە تینوویەتیش نەکەیت
٦- سکچوون و رشانەوە
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، زیادەڕۆییکردن لە خواردنەوەی ئاو دەتوانێت چەندان نەخۆشی مەترسیداری لێبکەوێتەوە، کە دیارترینیان تێکچوونی خانەکانی مێشک و ژەهراویبوون و ئاوسانی خانەکان و گورچیلەکانە، کە ئەمانەش لە کۆبوونەوەی ئاوی زۆر لە جەستە و دروستبوونی فشار لەسەر گورچیلەکان بەهۆیەوە تووشی کەسەکە دەبێت.
توێژینەوەکە روونیشیکردووەتەوە، کە هیچ رێژەیەکی دیاریکراو نییە بۆ خواردنەوەی ئاو لە ماوەی رۆژێکدا، بەڵام بە پشت بەستن بە تاقیکردنەوە و بەدواداچوونەکانیان رێنمایی دەدەن، کە بڕی تەندروستی خواردنەوەی ئاو لە ماوەی رۆژێکدا دوو بۆ سێ لیترە بۆ هەر مرۆڤێکی تەندروست.