شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند، نەوشێروان مستەفا گەنجینەیەک بوو لە بیری سیاسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مێژوو و نیشتیمانپەروەری، نیو سەدەی لە تەمەن و ژیانی پێشكەش بە خەباتی كوردایەتی كرد لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی بۆ گەلێكی ستەمدیدە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەشەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا ئاماژەی بەوەکردووە:" لە ١٩ ی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ دا کەسایەتیەکی دیار و کاریگەری نێو گۆڕەپانی سیاسەت و ماندوو لە خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزی ڕەوای کوردستانمان لە دەستدا ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" کاک نەوشیروان لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا کاری کردووە و هەنگاوی بۆ کار و چالاکی سیاسیی ناوە ".
جێگری سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکردووە:" لە پاڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خاوەندارییەتی کردووە بە ڕابەرایەتیی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال، بەردەوام بووە لە خەباتی شۆڕشگێری لە ژێر دروشمی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کوردستان ".
راشیگەیاندووە:" لەپاڵ ئەرکە سیاسییەکەیدا، نووسەرێکی بەتوانا و جوان دیدەش بووە لە نیشاندانی جوگرافیا و سروشتی جوانی كوردستان، نووسین و بەرھەمەکانی زادەی بیر و خەون و ئەندێشەکانی بوون، هەروەها لە بواری مێژوودا خەرمانێکی گەورەی کۆکردۆتەوە كە ئەمەش شانازییە بۆ گەلی کورد و کوردستان ".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت:" بیری سیاسیی و دووربینی کاک نەوشیروان بە ئاراستەی چاکسازیی لە نێو کایەی حوکمڕانییەکی تەندروست و یاساییدا، بۆ ئەم دۆخە دژوارەی ئێستا پێویستیەکی هەنووکەییە بۆ دەرچوون لەو ئاڵنگارییانەی کە بەرۆکی ناوچەکەمانی گرتۆتەوە ".