گێچەڵی سێکسی یاریزانێک هەڕەشەی دوورخستنەوەی عێراق لە مۆندیالی لاوان دەکات

وەرزش 20/05/2023

Alternate Text

دوای گەیشتنی تیمی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، یاریزانێکی هەڵبژاردەکە بە ئەنجامدانی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر خانمێک تۆمەتبار کراوە، بەوەش فیفا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دەنگۆیانە کردووە.

رۆژنامەی " El Editor Platense"ی ئەرجەنتینی بڵاویکردووەتەوە:" چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی مۆندیالی لاوان لە ئەرجەنتین، یاریزانێکی عێراق گێچەڵی سێکسی کردووەتە سەر کارمەندێکی ژن لە رێستۆرانتێکی هوتێل دازلیر لە شاری لاپلاتا، کارمەندەکەش هاواری کردووە و داوای بەهاناوەچوونی کردووە ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو:" دوای رووداوەکە نوێنەرانی فیفا بەپەلە لەگەڵ تیمەکەی هەڵبژاردەی عێراق کۆبوونەوە، بەڵام ناوی ئەو یاریزانەیان ئاشکرا نەکردووە کە دەوترێت گێچەڵەکەی ئەنجامداوە ".

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە، شاندی تۆپی پێی عێراق راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو هەواڵانەیان رەتکردەوە کە چەند دەزگایەکی میدیایی ئەرجەنتینی لەبارەی رووداوەکە بڵاویان کردبووەوە.

هاوکات، رۆژنامەی "EL DIA" هەواڵێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە:" چەند یاریزانێکی لاوانی عێراق لەناو هۆتێلەکە دەستکاری سیستمی ئاگرکوژێنەوەیان کردووە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هوتێلەکە لێدراوە، بەهۆیەوە (دامیان دۆبیلێ) سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین و رێکخەری مۆندیالی تۆپی پێی لاوان داوای راپۆرتی لەبارەی رووداوەکەوە کردووە ".

بڕیارە ئەمڕۆ مۆندیالی لاوانی خوار تەمەن ٢٠ ساڵ لە وڵاتی ئەرجەنتین دەستپێبکات و تاکو ١١ی حوزەیران بەردەوام بێت، هەڵبژاردەی عێراقیش لە کۆمەڵەی چوارەمدا لەبەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئۆرگوای، ئینگلتەرا و تونس یاری دەکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا