دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک پلەی یەکەمی ریزبەندی دەوڵەمەندترین پیاوەکانی
جیهانی لەدەستدابوو، جارێکی دیکە ئیلۆن مەسک بووەوە بە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان.
ئاژانسی هەواڵی یونایتد پرێس ئینتەرناشناڵی ئەمەریکی بڵاویکردەوە:" دوای
ئەوەی ژمارەی پشکەکانی بێرنار ئارنوی سەرۆکی کۆمپانیای LVMH بۆ بەرهەمهێنانی پۆشاکی گرانبەها کەمیان کرد، جارێکی
دیکە ئیلۆن مەسک نازناوی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی بەدەستهێناوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ریزبەندی ٥٠٠ دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیهاندا،
ئیلۆن مەسکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی تویتەر بە ١٩٢ ملیار دۆلار پلەی
یەکەمی گرتووە".
شایەنی باسە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، ئارنۆ کە دامەزرێنەری
کۆمپانیای LVMH-ە و ٧٥ براندی جیهانی
لەخۆدەگریت وەک لوی ڤیتۆن و کریستیان دیۆر و فێندی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی
داراییە فیدڕاڵییەکانی ئەمەریکا و نەگەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە سەقفی
قەرزەکان، پشکی کۆمپانیاکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
بەوهۆیەشەوە ناوبراو تەنها لە ماوەی یەک رۆژدا ١١ ملیار
و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری لە سامانەکەی لەدەستدا، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر
پلەکەی ئەو هەبوو لە ریزبەندی دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیهاندا.