تەندروستی کەرکوک رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکوک یەکەم نەشتەرگەری راستکردنەوەی رەگەز بۆ گەنجێک ئەنجامدراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.عەلی عادل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکوک رایگەیاند:" تیمێکی پزیشیک تایبەتمەند هەستاوە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی راستکردنەوەی رەگەز بۆ گەنجێکی ١٩ ساڵ بە سەرکەوتووی، کە ئەمە یەکەم جارە نەشتەرگەری وەها دەکرێت".
هەروەها، پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ کە بەشداربوە لە نەشتەرگەرییەکەدا رایگەیاندووە:" نەشتەرگەرییەکە بۆ گەنجێکی ١٩ ساڵ ئەنجامدراوە، کە لەسەر رەگەزی مێینە پەروەردەکراوە، بەڵام پێنج ساڵ لەمەوبەر پشکینینی بۆ ئەنجامداوە و دەرکەوتووە لە هەناویدا خاوەنی ئەندامی نێرینەیە هەروەها هەڵگری کرۆمۆسۆمی نێرینەیە و تەنها لە روواڵەتدا ئەندامی زاوزێی مێیەنی هەبووە".
وتیشی:" نەخۆشەکە چەند جارێک راوێژی کردووە و نێردراوە بۆ بەغدا، لیژنە پزیشکییەکان بڕیاریاندابوو کە بنێردرێتە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری راستکردنەوەی رەگەز، بەڵام لە نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکوک نەشتەرگەرییەکەی بە سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا و ئێستاش دۆخی تەندروستی جێگیرە".