دەزگای ئاسایشی هەرێم: تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان هیچ پاساواێکی نییە

کوردستان 18/09/2023

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر شەهیدبوون، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند، تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان هیچ پاساواێکی نییە.

ئەمشەوی دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٩/١٨ پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە هۆی شەهیدبوونی سێ هەڤاڵمان لە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان، لەکاتێکدا هێزەکانی دژەتیرۆر سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بوون بۆ زیاتر بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان".

باسی لەوەش کردووە:" دەزگای ئاسایشی هەرێم ئیدانەی ئەم کردەوەیەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان هیچ پاساواێکی نییە، دوپاتیشدەکەینەوە هەمووان پێکەوە دەستێکی پۆڵاین دەبین بۆ لەگۆڕنانی مەرامی دوژمنان و هەموو ئەوانەی چاویان بە ئارامی کوردستان هەڵنایەت".

راشیگەیاندووە:" دەزگای ئاسایشی هەرێم پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکات و هیوای تەندروستیەکی باشتر بۆ برینداران دەخوازێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا