بابەتە سەرەکییەکە: بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی
نیشتمانی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش
کرد.
چی وت: سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: ئێمە دەزانین چۆن فێریان بکەین کە
ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە.
دەقی پەیامەکەی
بافڵ جەلال تاڵەبانی:
خوشک و برا و
هاوڕێکانم
هێزە
قارەمانەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش
سبەی رۆژێكی
مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانكاریی گەورە لە پرۆسەی حوكمڕانی و كۆتاییهێنان بە
عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاكڕەوی و جیاكاری. سبەی رۆژێكە تاوەكو بڕیارە گرنگ و
یەكلاكەرەوەكە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەكانتان بدەن. ئەو رۆژەیە كە دەتوانن
بە دەنگەكانتان كۆتایی بە غەدر و نادادیی ئەم حوكمڕانییە چەوتە بهێنن كە
هەمووشتێكی بۆ گرنگە ژیان و گوزەرانی ئێوە نەبێت. بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و
بیرتانبێت ئەوەی لە بەغدا شەڕی مووچە و قووتی ئێوەی دەکرد، ئەوەی سنووری بۆ
تاکڕەوییەکان دانا و دژی جیاکاری و گەندەڵییەکان وەستایەوە، ئەوەی خەمی ئێوە و
نەوەکانتانی دەخوارد ئێمەبووین نەک ئەوانەی تا قوڕگیان گەندەڵییە و جوامێرییەكانی
ئێوە دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کاتێکیش لێیان دەقەومێ، ئینجا
ئێوەیان بیردەکەوێتەوە.
سبەی رۆژێكی
گرنگە و بڕیارە راستەکە بدەن، بە دەنگەکەت داهاتووی خۆت و منداڵەکانت دیاری
دەکەیت، بڕیار دەدەیت ئەم تاکڕەوی و خۆسەپێنییە بەردەوامبێت یاخود بەجارێک
رایاندەماڵن. مەهێڵن لەوەزیاتر یاری بە چارەنووستانەوە بکرێت و قووتی منداڵەکانتان
لەژێر دەست و رەحمەتی خۆسەپێناندا بێت. ئێوە دەنگ بدەن و شەڕی داهاتوو بۆ ئێمە
جێبهێڵن، ئێمە دەزانین چۆن فێریان بکەین کە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و
گەورەترە کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە. ئێوە کچان و کوڕانی رۆژی سەخت و قوربانیدانن،
مەهێڵن جگە لە خۆتان کەسیتر بەرهەمی رەنج و ماندووبوونتان بخوات، ئێوە شایستەی
ژیانێکی شەرەفمەندانەتر و شایستەترن، شایستەی ئەوەن منداڵەکانتان بە سەربەرزییەوە
بژین و خێزانەکانتان لە سەقامگیریدابن. بەڵێن و کردارمان یەکن، ئێوە بڕۆن دەنگبدەن
و زامنکردنی ژیانتان و شەڕکردن لەسەر مافەکانتان لەسەر ئێمەیە، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە
و دەشزانن ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەکەم.
دروود و سڵاو بۆ
رۆحی شەهیدان، سوپاس و ستایش بۆ ماندووبوون و خۆڕاگریتان.
براتان
بافڵ جەلال
تاڵەبانی