بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكان رایگەیاند، لە رێگەی هێزێكی تایبەتەوە توانیویانە سێ تۆمەتبار لە هەولێر دەستگیربكەن كە بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەكانەوە كردووە و لەگەڵ دەستگیركردنیشیاندا دەست بەسەر ماددەی هۆشبەر و پارەی ساختەشدا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری ئاساییش لەسەر تۆڕێكی بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر، تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیمان بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و كەركووك توانیان سێ تۆمەتباری مەترسیدار لەشاری هەولێر دەستگیربكەن".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەو سێ تۆمەتبارە پێشینەی تاوانیان هەیە و كاری كڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەریشەوە كردووە و سەرەنجام بڕی یەك كیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەكانی كریستاڵ و تریاك و جامایكا لەگەڵ بڕێك پارەی ساختە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیلی ساختە و رومانەیەك و چەند چەكێكی جۆراوجۆر دەستییان بەسەرداگیرا".
ئەوەشخستەڕوو:" تۆمەتباران پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و رووبەڕوی یاسا دەكرێنەوە".