لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، یەکێتی پلانەکەی لە هەڵبژاردن 100٪ جێبەجێکرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هیچ رکابەرایەتییەکمان لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان نەکردووە و پەیامەکانمان وەڵام نەبووە بۆ هیچیان، لەگەڵیشیدا هەموو تۆمەت و رەخنەکانمان فەرامۆش کرد و وتمان ئامانجی ئێمە پارێزگا و پارێزگاری کەرکوکە و سەرکەوتوو بووین".
راشیگەیاند:" حەوت ساڵە چەندەها تۆمەت ئاڕاستەی یەکێتی و جەماوەر و کادرانی دەکرێت، بەڵام پشوو درێژ بووین و خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکانمان جێنەهێشت، دواجار دەرکەوت خەڵکی ئەو ناوچانە و کەرکوک بە تایبەتی، بە پاداشتکردن و پشتگیریکردن و سەرخستنی یەکێتی وەڵامی هەموو ئەو تۆمەتانەیان دایەوە".
وتیشی:" بە مافی خۆمانی دەزانین باسی ئەم سەرکەوتنانە بکەین، بەهۆی ئەوەی لە ناوچە جێناکۆکەکان لە خانەقینەوە تا شنگال یەکێتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین کورسیمان بەدەستهێناوە".
لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوەشكرد:" بەداخەوە هەندێک لە هێزە کوردییەکان ئەنجامەکانیان زۆر نەرێنی بوو و دەنگیان فەوتا، ئێمە پێشتر داوامان کرد یەک لیست بیین بەڵام بە دەنگمانەوە نەهاتن، هەندێکی حیزبی دیکەش هەر بە تەواوی دەنگیان فەوتا و دەیانزانی ئەنجامەکەش بەو شێوەیە دەبێت".