شارەزایەکی کەشناسی
رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەوری سوپەرسێڵ بگاتە ئاسمانی هەرێم.
ئاراس جەبار شارەزای
کەشناسی رایگەیاند:" لە ماوەی شەپۆلی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کە لە رۆژی
چوارشەممەوە دەستپێدەکات و رۆژانی پێنجشەممە و هەینی کاریگەرییەکانی توندر دەبێت،
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی پێنجشەممە خێرایی با بۆ زیاتر لە 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
چالاکبێت، بە تایبەتی لە ناوچە گەرمەکانی وەک گەرمیان و کەرکوک".
ئاماژەی بەوەشکرد:"
هاوکات لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە بۆ رۆژی پێنجشەممە، لە ئەنجامی چالاکی بەهێزی
بای باشوور و باشووری رۆژهەڵات، لە ناوچەکانی باشووری عێراق و هەرێم ئەگەری خۆڵبارینێکی
چڕ هەیە".
باسی لەوەشکرد:" لە
رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ئەگەری هەورە بروسکەی توند و بارانی بە خوڕ و تەرزە
هەیەلە سەرتاسەری ناوچەکەمان، هەروەها ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە بە تایبەتی لە
سەنتەری شاری هەولێر و کەرکوک و سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان، چاوەڕوانیش دەکرێت
زۆرترین کاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە لەو ناوچانە دەربکەوێت".
ئاراس جەبار
روونیشیکردەوە:" یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان، دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵە، کە هەورێکی
گەردەلوولی بەهێز و بنکە تاریکە و هەندێک جار ناوەڕاستی بنکە هەورەکە رەنگێکی
مەیلەو سەوزی هەیە کە ئاماژەیە بۆ بوونی تەرزە و بارانی زۆر یان هەبوونی تەرزەی
قەبارە گەورە لە هەورەکەدا، بۆیە ئەگەر هەیە تەرزە بە قەبارەی گەورەش ببارێت".