وێڵ سمس، ئەكتەری بەناوبانگی ئەمركی و ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود، كۆمەڵێك نهێنی ژیانی خۆی لەماوەی رابردوودا ئاشكرا كرد.
وێڵ سمس لەمیانەی بەشداریكردنیدا لە بپۆدكاستێك بەناوی "Big Times"دا رایگەیاند:" رۆحانیبوونم خۆشدەوێت و رۆحانییەت بەرەو ناخی خۆم و دۆزینەوەی بۆشاییەكانی نێو ناخی خۆمم دەبات".
وتیشی:" دوو ساڵی كۆتایی ژیانم پڕ لە ئاڵەنگاری و سەودا و جەفای ئاڵۆزبوو، ئەمەش وای لێكردم بیر لە ناخی خۆم و ئەو منداڵە سەركێشەی نێوناخی خۆم بكەمەوە كە هەمیشە پەیوەستە بە پەروەردەكردن و گۆشكردنەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" بۆ ئەو هەنگاوەش بیرم لە رۆحانییەت كردەوە و تەواوی ئەو كتێبە ئایینیانەم خوێندەوە كەبەرەو دۆزینەوەی خودیی رێنوێنیكارن، تەنانەت بە قورئانی پیرۆزیشەوە".
ئەوەشیخستەڕوو:" لەماوەی رەبردوودا و لە مانگی رەمەزاندا ئەو كارەم ئەنجامدا و تەواوی چیرۆكەكانی قورئان و بەرگ بۆ بەرگیم خوێندەوە و سەرسامم بە چیرۆكی پێغەمبەر موسا".
ئاشكراشیكردووە:" لە میانەی خوێندنەوەی قورئاندا ئەوەی سەرنجی راكێشام سادەیی و ئاسان تێگەیشتن بوو، پێویستم بە هیچ لێكدانەوەیەك نەبوو بۆ تێگەیشتن لێی و بە ئاسانی تێگەیشتم".