لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی رایگەیاند،
دواکەوتنی ھەڵبژاردن زیانێکی گەورە بە ناوبانگی ھەرێم دەگەیەنێت، دەشڵێت "
یەکێتی لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەکە نییە ".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە
باڵاکانی یەکێتی لەگەڵ لە شاندێکی یۆنامی کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد:"
یەکێتی ھەرگیز لەگەڵ دواکەوتنی ھەڵبژاردندا نەبووە و جەخت لەسەر پێویستی
ئەنجامدانی لەوادەی خۆیدا دەکەینەوە ".
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ
ئەوەدان ھەڵبژاردن چیتر لەژێر ھیچ پاساو و بیانوویەکدا دوانەخرێت و یەکێتی
ئامادەکاریی تەواوی بۆ کردووە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتیشی:" دواکەوتنی ھەڵبژاردن زیانێکی
گەورە بە پرۆسەی دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێم دەگەیەنێت و ھۆکارێکیش دەبێت بۆ زیاتر
بێ ھیوابوون و بێزاربوونی کۆمەڵانی خەڵک ".
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد:" ھەڵبژاردن دەبێتەھۆی
پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی لەئارادایەو شەرعیەت دەداتەوە بە دامەزراوەکانی
ھەرێم، ھەروەھا رۆڵیشی دەبێت لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو کێشە و گرفتانەی ئێستا
بەرۆکی ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی گرتووە ".