کەی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە؟

کوردستان 29/03/2024

Alternate Text

قائیمقامی دوکان رایگەیاند، لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدان کە بووەتە هۆی راگیرانی دابەشکردنی ئاو بە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری.
سیروان سەرحەد قائیمقامی دوکان بە BMC راگەیاند:" دوێنێ پێنجشەممە، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە نەوتی رەشی سێ تەنکەر رژایە ناو پرۆژەی ئاوی دوکانەوە".

دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد:" دوابەدوای رووداوەکە دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە کە دابەشکردنی ئاو رابگرن و بەرپرسانی بەنداوی دوکانیش ئاگادارکرانەوە، کە بڕێکی زیاتر ئاو بەربدەنەوە بۆ ئەوەی زووتر ئەو نەوتەی رژاوەتە ناو رووبارەکەوە نەمێنێت و لەگەڵ ئاوەکەدا بڕوات، هەروەها تیمە پەیوەندیدارەکان بەردەوام سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن".

هەفتەی رابردووش حاڵەتێکی هاوشێوە روویدا

باسی لەوەشکرد:" هەفتەی رابردووش حاڵەتێکی هاوشێوە روویدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێژەی سووتەمەنییەکە کە رژابووە ناو ئاوەکە کەمتر بوو، بە ماوەیەکی کەمتر چارەسەر کرا، پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەی ئەمجارەش چارەسەر بکرێت، بەڵام بۆ دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی ئاو دەبێت بەڕێوەبەرایەتی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکان بڕیار بدەن، بەوپێیەی پشکنین بۆ ئاوەکە ئەنجام دەدرێت و پاشان بڕیاری لەسەر دەدرێت".

دابەشکردنی ئاو لە سەنتەری قەزای کۆیە و چەند گوندێک رادەگیرێت

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیەئاشکرایکرد:" رووداوەکەی دوێنێ کاریگەری لەسەر ئاوی زێی بچووک هەبووە بە ناچاری پرۆژەکانی بۆگد - کۆیە و تەق تەق – کۆیە راگیراون، لەبەرئەوە دابەشکردنی ئاو لە سەنتەری قەزای کۆیە و چەند گوندێک رادەگیرێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا