لە لێدوانێکی تایبەتیدا
بۆ BMC ئاشکرایکرد، سبەی بەشدار دەبێت
لە کۆنگرەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.
عەبدوڵا حاجی مەحمود
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە BMC راگەیاند:" سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات بڕیارێکی ناپەیڕاوی
دابوو لەسەر من و کۆمەڵێک لە هەڤاڵانم بە مەبەستی دوورخستنەوەمان لە حزبەکە، ئێمەش
رێککاری یاساییمان گرتەبەر و لە رێگەی کۆمسیۆنەوە سەرجەم بڕیارەکانمان
هەڵوەشاندەوە کە نایاسایی بوون".
ئاماژەی بەوەشکرد:"
دواتر بەپەلە و بۆ ئەوەی کاری ناحزبی و ناپەیڕەوی دیکە ئەنجامبدەن، ئەنجامدانی
کۆنگرەیەکی نائاساییان راگەیاند، وێڕای ئەوەی کە کۆنگرە رێککاری خۆی هەیە، بەڵام
ئێمە وتم هەر بەشداری دەکەین لە کۆنگرەکەدا کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە
بەڕێوەبچێت".
باسی لەوەشکرد:" لە
ماوەکانی رابردوودا کەسانێک ماڵەکەی منیان لە گوڵەخانە دەستبەسەردا گرتبوو، لە
رێگەی کۆمەڵایەتی و یاساییەوە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی ماڵەکەمانم دا، بەڵام بێسوود
بوو، تەنانەت چەندجارێک داادوەر داوای پشکنینی خانووەکەی کردبوو، بەڵام رێگە بە
ئەنجامدانی ئەو کارەش نەدرا".
عەبدوڵا حاجی مەحمود
روونیشیکردەوە:" دوێنێ کوڕەکەم بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە و
پاککردنەوەی ماڵەکە چووبووە ماڵەکەمان و دواتر هێزێکی زۆر نێردراوەتە سەر کوڕەکەم
و ئەو کەسانەی لەگەڵیدا بوون و دەستیان بە تەقە کردووە، ئەمانیش بۆ پاراستنی گیانی
خۆیان وەڵامیان داونەتەوە".
وتیشی:" سبەی
ئامادەی کۆنگرەکە دەبم، هەرچەندە داوای دواخستنی ئەو کۆنگرەیەمان کردووە، چونکە
کۆنگرەیەک تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازی ئامادەبن رەنگە چارەنووسی باش
نەبێت".