لە کەرکوک، پۆلیسێک لەسەر وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا

کوردستان 03/04/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

دەستەی دەسپاکی رایگەیاند، لە پارێزگای کەرکوک پۆلیسێکیان دەستگیرکردووە بە پلەی عەقید کە بەرتیلی وەرگرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی دەسپاکی عێراقی رایگەیاند:" دوای ئەوەی لە نوسینگەی کەرکوکی دەستەکەوە تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و چوونە بنکەی پۆلیسی دومیز لە سەنتەری شاری کەرکوک، هەستان بە دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە لە بنکەکە، لەسەر ئەوەی ئەو ئەفسەرە داوای پارەی لە هاوڵاتییەک کردووە و بەرتیلی وەرگرتووە لەبەرامبەر رادەستکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیەک کە لای ئەو بووە".

بەرتیلەکەش کە ملیۆنێک دینارە، دەستیبەسەردا گیراوە

باسی لەوەش کردووە، تیمەکە ئەو ئەفسەرە کە پلەکەی عەقید بووە، لە ژوورەکەی خۆی و لەکاتی وەرگرتنی بەرتیلەکەدا لە کاتی دەوامی فەرمیدا دەستگیرکردووە، هەروەها بڕی بەرتیلەکەش کە ملیۆنێک دینارە، دەستیبەسەردا گیراوە.

رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا

دەستەی دەسپاکی راشیگەیاند، دوای دەستگیرکردنی، ئەفسەرەکە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەری.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا