چۆن دوای رەمەزان کاتەکانی خەو رێکبخەینەوە؟

تەندروستی پێش 3 هەفتە

Alternate Text

زۆر کەس لەدوای مانگی رەمەزانی پیرۆز تووشی تێكچوونی خەو دەبن و بە ئەستەم دەتوانن کاتی خەویان رێک بکەنەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو کەسانە مانگێکی تەواو بەوە راهاتوون درەنگ بخەون بەهۆی پارشێوەوە.
لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا زۆرینەی موسڵمانان سوود لە کاتە بەتاڵەکانی رۆژانەیان وەردەگرن بۆ ئەوەی بخەون و شەوانیش تا نزیکەی پارشێو بە ئاگا دەمێننەوە، بەمهۆیەشەوە کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
پسپۆڕان ئاماژەیان بە چەند ئامۆژگارییەک داوە بۆ رزگاربوون لە دۆخی درەنگ خەولێکەوتن لەدوای مانگی رەمەزان و رێکخستنەوەی خشتەی رۆژانە:

1- وردە وردە کاتی خەوتنت رێکبخە
کاتێک دەستت بە رێکخستنەوەی کاتی خەوت کرد، قۆناغ بە قۆناغ دەستپێبکە تاوەکو دەگەیتە خشتەی دڵخوازی خۆت، چونکە گۆڕانکاری زۆری لەناکاو لە خشتەی خەوتندا ئەگەری هەیە کاریگەری نەرێنی لێبکەوێتەوە، بەڵام کە خشتەی خەوەکەشت رێکخستەوە بیرتبێت کە پێویستە هەموو شەوێک لە یەک کاتدا بخەویت و هەموو رۆژێکیش لە یەک کاتدا بە ئاگا بێیت، تەنانەت لە رۆژانی پشووەکانیشتدا.

2- وەرزشکردن
ماڵپەری کلیڤێلاند کلینیکی ئەمەریکی ئاماژەی بەوەکردووە، وەرزشکردن یارمەتی بەرهەمهێنانی میلاتۆنین لە مێشکدا دەدات، کە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ خەوتن.

3- دوورکەوتنەوە لە کافاین
بۆ ئەوەی خشتەی خەوت رێکبخەیتەوە، پێویستە لە کافاین دووربکەویتەوە بە هەموو جۆرەکانیەوە، بە تایبەتیش ئەو کاتەنەی کە نزیکن لە کاتی خەوتنتەوە، چونکە کافاین وا دەکات تا ماوەیەکی زۆر بە ئاگا و چالاک بمێنیتەوە.

4- کاتی ژەمەکانت بگۆڕە
توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە خواردنی ژەمەکان ئەگەر لەکاتی خۆیاندا نەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی رۆتینی رۆژانە.

5- تا دەتوانیت لە رووناکی دەستکرد دووربکەوە
رووناکی شین بە رێژەیەکی زۆر کاریگەرە بۆ سەرکوتکردنی میلاتۆنین لە شەودا، ئەو رووناکییەش لە تەلەڤیزیۆن، مۆبایل، کۆمپیتەر و تابلێتەکانەوە دەردەچن، بۆیە باشتر وایە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی شەوەکەتدا لەو ئامێرانە دووربکەویتەوە.

6- دوورکەوتنەوە لە خەوی رۆژانە
خەوی رۆژانە ئەگەر بۆ ماوەی کاتژمێرێک یان زیاتربێت، دەتوانێت زیان لە رۆتینی رۆژانەت بدات، بەوپێیەی ئەو خەوە، خەوتنی شەوانە قورس دەکات، ئەگەر پێویستیشت بە خەو بوو لە رۆژەکەتدا، ئەوا بەشێوەیەکی سنووردار و بۆ ماوەی 30 خولەک یان کەمتر بخەوە، هەوڵیشبدە خەوەکەت پێش کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ بێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا