وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە هەموو شوێنەکانی شار و دەرەوەی شار تیمی تەندروستیمان ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە نەخۆشخانەی شارەوە بە پەیامنێری BMC راگەیاند:" هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکان بە شێوەی ئێشکگری 24 کاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتییاندان، وەک سەنتەری فریاکەوتنی خێرا (122) و ئامبوڵانسەکان و بانکی خوێن و سەنتەری گورچیلەی دەستکرد، بەدەر لەوانەش نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شار و فریاکەوتنی خێرا لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون و منداڵان و هیوا لە هەموو کاتەکاندا لە ئەرکدان".
400 هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە
باسی لەوەش کرد:" لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 400 هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە کە لەو ژمارەیە 250 نەخۆش داخڵ کراون و چارەسەریان وەرگرتووە، لەگەڵیشیدا چەندین هاوڵاتیی پێویستیان بە نەشتەرگەری بووە و بۆیان کراوە".
35 تیمی تەندروستی بەپێی پلانی پێشوەختە جێگیرکراون
سامان شێخ لەتیف وتیشی:" لە شاری سلێمانی نزیکەی 35 تیمی تەندروستی بەپێی پلانی پێشوەختە جێگیرکراون، لە هەموو ئەو شوێنە گەشتییاریانەی هاوڵاتییان سەردانیان دەکەن تیمەکانمان جێگیرکراون".