هەڵمەتی کوتان دژی سورێژە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی کوتانی منداڵان دژی نەخۆشی سورێژە دەستیپێکرد.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ سێشەممە، هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە بە پێکوتەی دژە ڤایرۆسی سورێژەی تێکەڵاو دەستپێدەکرێت".

هەڵمەتێکی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

ئاماژەی بەوەشکرد:" سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتەکەمان لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان و نەوەکانی داهاتوو، هەڵمەتێکی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات لە باخچەکای ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان، هاوکات بەردەوامیش دەبین لە زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی رۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پەیڕەوکردنی کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی دیاریکراو".

ئەم هەڵمەتە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت

باسی لەوەشکرد:" ئەم هەڵمەتە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت و لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان لە رێگەی سێ هەزار و 280 کارمەند، نزیکەی 873 هەزار و 191 منداڵ کوتانیان پێدەدرێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، پێدانی کوتان بە منداڵانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا بەمشێوەیە دەبێت:
 تەمەنی منداڵ: منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی سەرەتایی.
ژمارەی منداڵانی: 873,191 منداڵ
ژمارەی سەردان: 10,916 سەردان
قوتابخانەكان: 3,981 قوتابخانە
ژمارەی كارمەندان: 3,280 كارمەند
سەرپەرشتاران: 1,100سەرپەرشتار
ژمارەی تیمەكان: 1,094 تیم
ناوەندی سەرپەرشتی: 27 ناوەند
گواستنەوەی تیم: 1,500 ئۆتۆمبیل

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا