پارتی و عەرەب و تورکمان هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک دەدەن و بەغدا پووچەڵی دەکاتەوە

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک رایگەیاند، پارتی و عەرەب و تورکمان هەوڵیاندا بەبێ یەکێتی حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام بەغدا شکستیپێهێنا.

ئەمڕۆ سێشەممە، نەجات حوسێن، سەرکردەی تورکمان و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، لە دیمانەیەکدا بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە:" پارتی و عەرەب و تورکمان لە هەولێر ڕێککەوتن پێکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق دەستوەردانی کرد و ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە، بەو پێیەی یەکێتی پێنج کورسی هەیە و گەر بخرێتە دەرەوەی یارییەکە کێشە دروست دەبێت".

حکومەتی عێراق دەستێوەردانی نەکردایە، حکومەتی کەرکوک پێکدەهێنرا

دەشڵێت:" گەر حکومەتی عێراق دەستوەردانی نەکردایە، پارتی و عەرەب و تورکمان حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان پێکدەهێنا، چونکە خاوەنی 10 کورسین".

بەرپرسێکی تورکمان بە ئاشکرا سوپاسی پارتی کرد

هەروەها، حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بەشی پێکهاتەکان لە ئۆرگانە حزبییەکانی کەرکوکی ئەو حزبە، رایگەیاندووە:" کاتێک بەرپرسانی پارتی سەردانی بەرەی تورکمانییان کرد، بەرپرسێکی تورکمان بە ئاشکرا سوپاسی پارتی کرد بۆ پشتگیریکردن لە بیرۆکەی ئەوەی پۆستی پارێزگار بە نۆرە بێت، بەڵێ هەوڵی رێککەوتن هەبووە لە نێوانیان".

یەکێتی براوەی هەڵبژاردنە لە کەرکوک

جێی ئاماژەیە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی براوەی سەرەکی بوو کە کۆی شەش کورسی بەدەستهێنا، بەدواشیدا پێکهاتەی عەرەبی بە سێ لایەنی جیاواز شەش کورسی بەدەستهێناوە، سەبارەت بە پارتی و پێکهاتەی تورکمانیش هەر یەکەیان دوو کورسی بەدەستهێناوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا