سودانی: ناکرێت ئێران لە هەموو دۆسیەیەکی پەیوەست بە عێراق تێوەبگلێندرێت

عێراق پێش 2 هەفتە

Alternate Text

لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناکرێت ئێران لە هەموو دۆسیەیەکی پەیوەست بە عێراق تێوەبگلێندرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکایە، لە نوێترین چاوپێکەوتندا لەگەڵ تۆڕی CNN رایگەیاند:" سەردانەکەم لە کاتێکی هەستیار و گرنگدایە بۆ پەیوەندییە دوولایەنەکانمان و دۆخی ناوچەکە، رێککەوتووین لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و تێوەنەگلان لە کردەوە وەڵامکارییەکان، چونکە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەمن و ئاسایشی گەلانی ناوچەکە".

ناوچەکە بەرگەی ئەم رووداوانە ناگرێت

وتیشی، عێراق، لە سەرەتای رووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەمەوە لە ئەو وڵاتانە بوو کە هۆشداریدا لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی جەنگی غەززە و لێکەوتەکانی، ناوچەکە بەرگەی ئەم رووداوانە ناگرێت و پێویستە کار لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بکرێت".

کارمانکرد بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە گۆڕەپانی ململانێکان

هەر لەبارەی جەنگی غەززە، سودانی باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتاوە کاریان کردووە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە گۆڕەپانی ململانێکان، لە هەمان کاتیشدا پارێزگاریکردن لە هەڵوێستە نەگۆڕەکەیان لەبارەی ئەوەی لە غەززە و خاکی فەڵەستیندا دەگوزەرێت، چونکە ئەوە رەگی کێشەکەیە.

هێرشەکەی دیمەشق پێشێلکارییەکی روون بوو

لەو چاوپێکەوتنەدا، راشیگەیاند، ئەو هێرشەی کرایە سەر نوێنەرایەتی ئێران لە دیمەش، پێشێلکارییەکی روون و دژی یاسای نێودەوڵەوتی بوو، هەر ئەوەش بووە پاڵنەری ئێران تا وەڵام بداتەوە، هەرچەندە کە ئێمە هەوڵماندا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

نەسەلمێندراوە کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکارهێندرابێت

وتیشی، تا ئێستا هیچ راپۆرتێکمان بەدەست نەگەیشتووە کە بیسەلمێنێت لە شەوی 13ی ئەم مانگەدا لە خاکی عێراقەوە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرابێت، هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە لەبارەی پەلکێشنەکردنی عێراق بۆناو گۆڕەپانی جەنگ.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا