برنجی رەتکراوە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێتەوە؟ پسپۆڕێک وەڵام دەداتەوە

تەندروستی پێش 3 هەفتە

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

پسپۆڕێک روونی دەکاتەوە، ئەو برنجەی لە هیندستانەوە رەوانەی ئەوروپا دەکرێت و رەتدەکرێتەوە، ئەگەری هەیە لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق ساغ بکرێتەوە.

دکتۆر شوان کەریم پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە شاری ستۆکهۆڵم لە سوید لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، بەپێی ئامارێكی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانی، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لەسەر ئاستی جیهاندا بڕێكی زۆر برنج هاوردە دەكات، هەر تاكێكی عێراق ساڵانە زیاتر لە 37 كیلۆ برنج دەخوات. ئامارەكان دەریدەخەن كە ساڵی رابردوودانیشتوانی عێراق لە زۆر برنج خواردندا لە پلەی شەشەمی جیهاندا بوون.

برنجی بەسمەتی لە هیندستان و پاكستانەوە رەتدەكرایەوە

باسی لەوەش کردووە،  خۆم لە نزیكەوە ئاگادارم كە لەم دواییانەدا زیاتر و زیاتر برنج (برنجی بەسمەتی) لە هیندستان و پاكستانەوە رەتدەكرایەوە هاوردە بكرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەنێویاندا فینلاند و سوید؛ ئەمەش بەهۆی بوونی ئاستی بەرزی قڕكەرەكان (pesticides) و ماددە كیمیاییە نایاساییەكان كە بە تایبەتمەندی ژەهراویكردنی دەمار و ئەگەری شێرپەنجەیی ناسراون، كە كاریگەرییان لەسەر سیستەمی دەماری ناوەندی و جگەر و گورچیلە هەیە.

دەركەوتنی زیانە تەندروستییەكان ماوەیەك كاتی دەوێت

دەشڵێت، دەركەوتنی زیانە تەندروستییەكان ماوەیەك كاتی دەوێت كە پەیوەستە بە ڕێژەی بەكارهێنانی ئەو برنجە كە ئاستی زۆری مادە قڕكەران (pesticides) و ماددە كیمیاییە زیانبەخشەكان تێدایە.

ئەگەری هەیە لە بازاڕەکانی کوردستان بفرۆشرێت

د.شوان کەریم ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی سەرچاوەكان، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو بڕە برنجە ڕەتكراوەی ووڵاتانی ئەروپا، كە بە ئەگەرێكی زۆرەوە بگاتە هەزاران تۆن، بەبێ كۆنترۆڵی ورد لە بازاڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بفرۆشرێت، بە كوردستان/عێراقیشەوە.

زیاد لە ئاستی رێگەپێدراو قڕکەرەکان بەکاردەهێنن

ئەو پسپۆڕە زیاتر بابەتەکە روون دەکاتەوە و دەڵێت:" هەرچەندە بەرهەمهێنەرانی برنج لە هیندستان و پاكستان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هەموو برنجێك كە هەناردە دەكرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێكاری توندی بەرهەمهێنان پەیڕەو دەكات، لە هەڵبژاردنی زەوی و كوالیتی ئاوەوە تا شێوازی چاندن و پرۆسەی پاكەتكردن، بەڵام هێشتا قڕكەرەكان و ماددە كیمیاییەكان هەن كە لە سنوورە ڕێگەپێدراوەكان تێپەڕێنن بەپێی یاساكانی یەكێتی ئەوروپا (ڕێسای EC 396/2005 بەها سنووردارەكان بۆ پاشماوەی قڕكەر لە خۆراكدا).

رەنگە چەند ماددەیەک لە برنجەکەدا هەبێت

لە کۆتاییشدا، ئەو پزیشکە دەڵێت، پرسیارەكە ئەوەیە كە ڕەنگە چەندها مادەی قڕكەر(pesticides) و مادەی كیمیایی لە برنجی بەرهەمهێنراودا هەبێت بە مەبەستی هەناردەكردن و بەم شێوەیە بگاتە ئەو بازاڕانەی كە ڕەنگە كۆنتڕۆڵكردنیان بەپێی پێویست نەبێت یان هەرنەبێت، وەك بازاڕەكانی عێراق/كوردستان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا