هەواڵی ئەمڕۆ
هەمەرەنگ پێش 2 هەفتە
لەلایەن: سەربەست نەجمەدین
شەونم حەسەنزادە لە شاری بۆکان لەدایکبووەو دوای تەواکردنی قۆناغەکانی خوێندن، لە بەشی گرافیک لە زانکۆی ئازادی مەهاباد درێژەی بە خوێندن داوە و دواتریش لە فێرگە هونەرییەکانی بۆکان دەستیکردووە بە فێربوونی نیگارکێشی. پاش فێربوونی نیگارکێشی، فێری ڕەنگکردنی سۆفاڵ، ڕەنگکردنی دار و ڕەنگکردنی ناوماڵ بووە. دواتر بەهۆی تامەزرۆییەکی زۆریی بۆ زمانی کوردی، بەشێوازی ئاکادیمی بەدوای فێربوونی زمانی کوردی دەکەوێت و کەمتر لە سێ مانگ بڕوانامەی زمانی کوردی وەردەگرێت، ئێستاش بەشێوەی ئۆنڵاین کاری فێرکاری زمانی کوردی دەکات، بێجگە لە مانەش فێری کێکسازی بووە و لەبواری ڕازاندنەوە و دیزاینی کێکیش کار دەکات. شەونم لە تابلۆکانیدا ڕوخساری چەندین کەسایەتی کوردی کێشاوە کە لە نێویاندا، حەسەن زیرەک، مامۆستا خلە دەرزی، ئەمین گەردیگلانی، د. فەرهاد پیرباڵ و ناسر ڕەزازی، تا ئێستا چەندین پێشانگای هونەری بۆ تابلۆکانی کردۆتەوە. ئەو دەڵێت لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە زۆر نیگارم دەکێشا و پێش قوتابخانە بۆ لای هیچ مامۆستایەک نەچووبووم کە نیگارکێشی فێر ببم. کە چوومە قوتابخانە، مامۆستاکانم سەرسام بوون و پێیانوابوو کە من پێشتر فێرکراوم. بەڵام وا نەبوو و من تەنها هەستی خۆم لەسەر کاغەز دەردەبڕی. لە قوتابخانەش هەرکات وانەی نیگارکێشیمان ببوایە، ئەو ڕۆژە لە دڵی مندا جەژن بوو، هەروەها بۆ هاوڕییەکانیشم وابوو چونکە بۆ ئەوانیشم دەکێشا. لێمان پرسی لە کارەکانتدا چ تەکنیک و ستایلێک بەکار دەبەی؟ من پاش ئەوەی کە وازم لە خوێندنی زانکۆ هێنا، ڕۆیشتمە فێرگەکان و لە لای دوو مامۆستای جیاواز فێری دوو شێوازی «هایپێر ڕێئاڵ» و «ڕەنگ و ڕۆن» بووم بەڵام من لە لاپەرەکەمدا هیچیەک لەم دوو تەکنیکەم بە کارنەهێناوە و تەواوی کارەکانم بە تەکنیکی «ئەکرۆلیک» بوون و تێکەڵاوێک لە ئەکرۆلیک و دەستی ئازاد، لە وێنەی ئەکرۆلیکدا دەبێ بە چەندین کاتژمێر کار لەسەر برۆ و برژۆڵ و ئەوانە بکەی بەڵام لەو تەکنیکەی من بە کاری دەبەم، زۆر بە ئازادانە کار دەکەیت و لە لات گرینگ نیە ئەگەر ڕوخسارەکە بە تەواوی وەکو خۆی دەر نەخەیت. تەنها ئەوەیکە چاو بیبینێت کە ئەو کەسایەتییە و ئەو ڕەسەنایەتییەی دەردێنی. ئێستا لاپەڕەکان زیاتر ئەو دوو تەکنیکە بە کار دێنن بەڵام من ویستم ستایلی نیگارەکانم جیاواز هەڵبژێرم و بۆیە من ستایلی ئەکرۆلیکم بە کار ھێنا. لە کارەکانتدا زیاتر وێنەی هونەرمەند حەسەن زیرەک دەکێشی پێوەری تۆ بۆ ئەمە چییە؟ بنەماڵەی ئێمە هونەرمەندی تێدانیە بەڵام تا دڵت بیخوازێت هونەردۆستی تێدایە کە یەکێکیان بابمە. من لە منداڵییەوە لە بیرم دێ کە بابم گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک، گۆرانییەکانی مامۆستا محەممەدی ماملێ و حەیرانەکانی مامۆستا خلە دەرزی و ئەوانەی گوێ دەگرت و ئەمە بوو بەھۆی ئەوەی کە من زیاتر ئەم مامۆستایانەم خۆش بوێت و هۆکاری دووهەم ئەوە بوو کە من ئەو کاتەی دەچووم بۆ فێربوونی هایپێرڕێئاڵ، مامۆستاکەمان هەر یەک وێنەیەکی دەداینێ کە بکێشین. وێنەکان یان وێنەی ئاژەڵ بوو یان وێنەی ڕوخساری کچێک یان کوڕێکی ئەورووپی. منیش وتم بۆ دەبێ بێم کات لەسەر ڕوخساری کەسێک دانێم کە بۆم نامۆیە و نازانم کێیە؟ با لەجیاتی ئەوە کار لەسەر ڕوخساری مامۆستایەکی کورد بکەم کە هەم ڕێزلێنان لەو مامۆستایەیە و هەم خۆمیش چاکتر دەیناسم. ئێستاش کە بۆ نیگارکێشی فێرخوازم هەیە، بەبیرم نایات هیچ کات وێنەیەک جگە لە وێنەی مامۆستایانی کوردم دابێت بە فێرخوازەکانم تا بیکێشنەوە. لە کارەکانتدا کەسایەتی حەسەن زیرەک لای تۆ چۆن دەبینرێت؟ من مامۆستا زیرەکم زۆر خۆش دەوێت و لە لاپەڕەکەمدا شێعرم بۆ نووسیوە و زۆریش وێنەی ئەو دەکێشم، من مامۆستا زیرەک وەکو باوکی هونەر و مۆسیقا دەبینم کە ئەگەر ئەو نەبوایە، بێگومان هونەری کوردی سەغیر دەبوو. هەرچەند زیاتر گوێ لە گۆرانیەکانی ئەو سەردەمە ڕادەگرم، زیاتر دڵنیا دەبمەوە لەوەی کە دەبێ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ حەز و خولیام بە مامۆستا حەسەن زیرەک زیاتر بێت. مامۆستا بە شێوازێک گۆرانییەکانی پوخت و پاراون و کار لە ناخت دەکەن کە دوای چەندین ساڵ، هەر ڕۆژێک کە گوێیان لێ ڕادەگری، حەزێکی جیاوازی ھەیە بۆ ئینسان و قەت لێی وەڕەز نابیت. هۆکاری ئەوەیکە من ڕوخساری مامۆستا حەسەن زیرەک دەکێشم و شیعری بۆ دەنووسم ئەوەیە کە بە پێویستی دەزانم کە من و هاوتەمەنەکانی من زۆر کەڵک لە گۆرانیەکانی و وێنەکانی وەرگرین تا نەوەی داهاتوو زیاتر ئەم کەسایەتییە بناسن. چەند پێشانگات بۆ تابلۆکانت هەبووە؟ یەکەم پێشانگای ئێمە سێ ساڵ پێش ئێستا بوو کە لە سەردەمی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. بۆیە ئێمە ترسی ئەوەمان هەبوو کە پێشانگاکە ئاوەڵا بکەین و بینەری نەبێت. بەڵام شوکری خودا پێشانگاکەمان بابەتەکەی هێندە سەرنجڕاکێش بوو کە لەنێو ھۆڵی پێشانگاکە جێگای کەسێکی دیکە نەدەبوو. بابەتی پێشانگاکە لەسەر نەتەوە، هونەرمەند، جل و بەرگ و ڕەسەنایەتی بوو و سەرەڕای ئەو دۆخە ئاڵۆزە، پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا. پاشان لە سەقز پێشانگامان کردەوە پێشوازی لە ئەوەش زۆر باش بوو. ساڵی دوای ئەوە لە نیگارخانەی ئێریک لە شاری تاران هەر بەو بابەتەوە پێشانگامان دانا کە ئەویش زۆر کاردانەوەی چاکی هەبوو. ئەم پێشانگایەمان کە پێشانگایەکی کوردی بوو، لە پایتەختی ئێران زۆر پێشوازی لێکرا. پاشان پلانێکی دیکەمان هەیە کە ئومێد ئەکەم لە مەهاباد و سنە پێشانگا دابنێین بەڵام بەداخەوە زۆر بەربەست لەسەر ڕێگامان هەیە. تۆ وەکو کچە کوردێک، چی کێشە و بەربەستێک لەسەر ڕێگاتدا هەبووە تا ئێستا؟ لەم وڵاتەدا هەموو کارێک بۆ کچ کێشەیە، بۆیە بەداخەوە هەر کارێک کە بمانەوێ بیکەین، زۆر بەرد دەخەنە سەر ڕێگەمان. لەجیاتی ئەوەی ڕێگامان بۆ خۆش بکەن و بڵێن ئەوە ئافرەتێکە و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و داهاتوویەکی ڕوون بۆ خۆی ساز بکات، زیاتر بۆ چالاکی هونەری ئێمە ڕێگر بوون و کارەکەمانیان بەدوادە خستووە. بەگشتی ئێمە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی پێشانگایەک ئەبێ پێنج بۆ شەش مانگ بەدوای بکەوین تا مۆڵەتەکە وەربگرین. دوا پەیامت چییە؟ هیوادارم ڕۆژێک بێت کە هەموو تاکێکی کورد بە شێوازێکی پوخت و پاراو بە کوردی بنووسن، بە کوردی بدوێن و و منداڵانی کوردستان و جیلی تازە، سەرەتا تەواوی مامۆستایان و کەسایەتیە گەورەکانی کوردستان بناسن و بزانن کە نەتەوەکەمان لە کوێوە گەیشتوونەتە کوێ، دواتر بڕۆینە سەر ناسینی نەتەوە بیانییەکان. ئەمە ئاواتی منە کە هیوادارم ڕۆژێک بەدی بێت. ئامادەکردنی چاوپێکەوتن: ئەحمەد عەبدولحەکیمی - تایبەت بە BMC TV
جیهان 9 خولەک پێش ئێستا
جیهان 53 خولەک پێش ئێستا
کوردستان 1 کاتژمێر پێش ئێستا
هەمەرەنگ 2 کاتژمێر پێش ئێستا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
5 کاتژمێر پێش ئێستا
9 کاتژمێر پێش ئێستا
23 کاتژمێر پێش ئێستا
5 رۆژ پێش ئێستا
6 رۆژ پێش ئێستا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
7 رۆژ پێش ئێستا
4 رۆژ پێش ئێستا