هەموو شتێک لەبارەی رۆژی ئاڵای کوردستانـەوە

هەمەرەنگ 1 رۆژ پێش ئێستا

لەلایەن: ئاکار

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: رۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان‌ و رۆژی ئاڵای كوردستان دادەندرێت.

زانیاری گشتی: 17ـی کانونی یەکەم، لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵکردنی ئاڵا بەرز رادەگیرێت و ئاڵا لە گۆڕەپانی خوێندنگەکان بەرزدەکرێتەوە، هاوکات لە بەشێک لە خوێندنگە و دامەزراوەکان چالاکی جۆراروجۆر بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت.

چی تر: رۆژی ئاڵای كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ 17ـی کانونی یەکەمی 1945 بەرامبەر 26ـی سەرماوەرزی 2645ـی هەتاوی، لە مەراسمێكی بە شكۆو بە ئامادەبوونی پێشەوای قازی محەمەد و شۆڕشگێڕانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئاڵای كوردستان بە فەرمی لە هەڵكرا.

ئەمەش هەیە: ئاڵاكە لە مەیدانی  چوارچرا لەسەر شانی شەهید كەریمی نازمی لە ناو ئاپۆڕای جەماوەردا بەرەو ئەوێ گوێزرایەوە و لەسەربانی باڵەخانەكە لەناو دەربڕینی هەستی شادی هەزاران كەس‌ و قرمەی تفەنگی سەدان بڕنۆ هەڵكرا.

زیاتر: هەر دوا بەدوای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە مهابادی پایتەختی كۆماری كوردستان، لەسەرجەم ئەو شارو ناوچانەی كەلە دەرەوەی دەسەڵاتی شای داگیركەردا بوون ئاڵای كوردستان هەڵكرا.

زانیاری زیاتر: ساڵی 1999 پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دەركرد لە بارەی ئاڵای كوردستانەوەو  شێوازی ئاڵاكەو مامەڵەكردنی لەگەڵیدا بە یاسا رێكخست، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

یاسای ژمارە 14 ساڵی 1999

یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستان - عێراق

مادەی یەكەم: هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی شێوە لاكێشەیی دەبێت پانیەكەی سێ یەكی درێژیەكەی دەبێت بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی‌و پانی دابەشكراوە، بەم شێوەیەی پێكهاتووە:

- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.

- لاكێشەی ناوەڕاست سپیە، هێمایە بۆ ئاشتی‌ و ئازادی ‌و دیموكراتی ‌و لێبوردەیی كە گەلی كوردستان دەیەوێت.

- لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ ‌و سروشت ‌و ژینگەی كوردستان.

چی دیکە: لە ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، 21 تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوورو سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان ‌و مەعریفە و هیوا و گەشبینیە.

ئەمەش بزانە: تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوە و راپەرین‌ و شۆڕش‌ و رزگاری دژی زوڵم‌ و ستەم ‌و چەوسانەوە.

مادەی دووەم: بەپێوەر ئەو باڵەخانانە دیاری دەكرێت كە ئاڵاكەیان لەسەر بەرزدەكرێتەوە.

مادەی سێیەم: بەرزكردنەوەی ئاڵا لە كاتی خۆرهەڵاتدا دەبێت ‌و داگرتنیشی لە كاتی خۆرئاوا بووندا دەبێت.

مادەی چوارەم: دروستكردنی ئاڵا و چاپكردن‌ و فرۆشتنی پەیوەستە بە ڕێگەپێدانی وەزارەتی رۆشنبیری.

مادەی پێنجەم: نابێت ئاڵا بەرزكردنەوەی یان لە بۆنە نیشتمانی‌ و نەتەوەیەكان‌ و ئاهەنگەكاندا بەكاربێت، ئەگەر شایەنی بەكارهێنان نەبێت، وەك گۆڕینی رەنگ‌ و خاوێنی ‌و دڕان.

مادەی شەشەم: ئاڵا لەگەڵ ئاڵای عێراق بەرزدەكرێتەوە لەو بۆنانەش كە ئاڵای عێراقی تێدا بەرزدەكرێتەوە، هەركاتێک كە شێوازی دەستووری لە ئارادابوو بۆ داننان بە فیدڕاڵیەت وەک چارەسەر بۆ كێشەی كورد لە عێراقدا.

مادەی حەوتەم: ئەنجوومەنی وەزیران رێسایەكی تایبەت بۆ ئاسانی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.

مادەی هەشتەم: لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانە ئەم یاسایە جێبەجێ بكات.

مادەی نۆیەم: كار بەهیچ دەقێكی‌ تر ناكرێت كە پێچەوانەی ئەحكامەكانی ئەم یاسایە بێ.

مادەی دەیەم: ئەو یاسایە لەرۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت‌ و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەكرێتەوە.

دوای ئەو یاسایە لە 19ـی حوزەیرانی 2004، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە 48ـی  دەركرد كە بەپێی ئەم بڕیارە:

رۆژی 17 کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی ئاڵا و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان دادەندرێت.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا